به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگی په‌رله‌مانتاران ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم ‌و خولی سێیه‌می په‌رله‌مان درێژ كرانه‌وه‌

30/06/2013 05:30:00 م

سه‌عات 4ی سه‌ر له‌ ئێواره‌ی ئه‌مڕۆ 30/6/2013 به‌شی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ ده‌ستی پێكرده‌وه‌ كه‌ له‌ دوو خاڵ پێكهاتبوو، خاڵی یه‌كه‌م بریتی بوو له‌ خستنه‌ ڕوو ‌و گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای درێژكردنه‌وه‌ی خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان – عیراق، خاڵی دووه‌م‌و كۆتاییش بریتی بوو له‌ خستنه‌ ڕوو ‌و گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان- عیراق.

پاشان و جارێكی تر سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێگایدا سه‌رۆك و ژماره‌یه‌ك  په‌رله‌مانتارانی فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن  روونكردنه‌وه‌ی خۆیا له‌باره‌ی به‌رنامه‌ی كار بخه‌نه‌روو دواتر داوای له‌لیژنه‌ی یاسایی كرد ماده‌كانی پرۆژه‌ یاساكه‌ بخوێنێته‌وه‌ بۆ  ئه‌وه‌ی دوای تێبینی په‌رله‌مانتاران ده‌نگیان له‌سه‌ر بدرێت  به‌ڵام جارێكی تر فراكسیۆنه‌كانی ئۆپۆزسیۆن به‌هۆی لێدانی مێزه‌كانی به‌رده‌میان و نزیككه‌وتنه‌وه‌ له‌سه‌كۆی په‌رله‌مان هه‌ولی بشێویاندا به‌لام سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان به‌رده‌وامی به‌دانیشتنكه‌داو ، خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كه‌ خرایه‌ڕوو، سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ كه‌تیایدا هاتووه‌ خولی هه‌ڵبژاردنی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌ 20/8/2013 دا ته‌واو ده‌بێت به‌رده‌وام ده‌بێت ‌و په‌رله‌مان تا 1/11/2013 له‌سه‌ر كاری خۆی ده‌مێنێت به‌ مه‌رجێ هه‌ڵبژاردن له‌ 21/9/2013 ئه‌نجام بدرێت، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌كانی (2 ‌و 3 ‌و 4)ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ ماده‌ی پرۆتۆكۆلی بوون ‌و تایبه‌ت بوون به‌ پابه‌ندكردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ‌و كارنه‌كردن به‌ هه‌ر ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك  كه‌ ناكۆك بێ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ‌و جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ له‌ به‌رواری ده‌رچوونییه‌وه‌ ‌و له‌ ڕۆژنامه‌ی وه‌قایعی كوردستانیشدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ په‌سند كران، پاشان كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كران.

 پاشان كۆی یاساكه‌ ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا.

به‌ پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه‌ بریتی بوو له‌ خستنه‌ ڕوو ‌و گفتوگۆكردنی پڕۆژه‌ یاسای درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ی ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێمی كوردستان- عیراق، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروباری یاساییه‌وه‌ ماده‌كانی پڕۆژه‌ یاساكه‌ خرانه‌ڕوو، سه‌باره‌ت به‌ ماده‌ی یه‌كه‌می پڕۆژه‌ یاساكه‌ كه‌ تیایدا هاتووه‌ ویلایه‌تی سه‌رۆكی هه‌رێم كه‌ له‌ 20/8/2013 دا ته‌واو ده‌بێت درێژ ده‌كرێته‌وه‌ تا 19/8/2015 كه‌ ئیتر بۆ جاری دووه‌م قابیلی درێژكردنه‌وه‌ نییه‌، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

ماده‌ی دووه‌میش كه‌ تیایدا هاتووه‌ له‌و ماوه‌یه‌ كه‌ له‌ ماده‌ی یه‌كه‌می ئه‌م یاسایه‌دا دیاریكراوه‌ پڕۆژه‌ی ده‌ستووری هه‌رێمی كوردستان به‌ سازان هه‌موار ده‌كرێته‌وه‌، خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كرا.

سه‌باره‌ت به‌ ماده‌كانی (3 ‌و 4 ‌و 5)ی پڕۆژه‌ یاساكه‌ش كه‌ ماده‌ی پرۆتۆكۆلی بوون ‌و تایبه‌ت بوون به‌ پابه‌ندكردنی ئه‌نجومه‌نی وه‌زیران ‌و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان به‌ جێبه‌جێكردنی حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ‌و كارنه‌كردن به‌ هه‌ر ده‌قێكی یاسایی یان بڕیارێك  كه‌ ناكۆك بێ له‌گه‌ڵ حوكمه‌كانی ئه‌م یاسایه‌ ‌و جێبه‌جێكردنی یاساكه‌ له‌ به‌رواری ده‌رچوونییه‌وه‌ ‌و له‌ ڕۆژنامه‌ی وه‌قایعی كوردستا نیشدا بڵاوده‌كرێته‌وه‌، دوای ئه‌وه‌ی به‌ جیا خرانه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ په‌سند كران، پاشان كۆی یاساكه‌ خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سند كران.

پاشان كۆی یاساكه‌ ‌و هۆكاره‌كانی ده‌رچوواندنی خرایه‌ ده‌نگدانه‌وه‌ ‌و به‌ زۆرینه‌ی ده‌نگ په‌سندكرا، به‌م بۆنه‌یه‌شه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان پیرۆزبایی له‌ خه‌ڵكی كوردستان كرد ‌و سوپاسی ئه‌ندامانی په‌رله‌مانیشی كرد بۆ ده‌ركردنی ئه‌م یاسایه‌.

به‌مجۆره‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایی ئه‌م خوله‌ی په‌رله‌مانی راگه‌یاند ‌و كۆتایی به‌ دانیشتنه‌كه‌ هێنا.

 

 

 


رۆژمێرى رووداوه‌كان