پەرلەمان و سەرۆکایەتی هەرێم:تەبایی ناوخۆ گرەنتی سەرکەوتنمانە

05/04/2015 04:06:00 م


  ئەمڕۆ یەک شەممە، ٥ی نیسان د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، بەیاوەری جێگر و سکرتێری پەرلەمان لەگەڵ بەڕێز مەسعود بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە.
لە سەرەتای كوبوونه‌وه‌كه‌دا سەرۆکی هەرێمی کوردستان، باسێکی گشتی سەبارەت بە پرسی  هێزی پێشمەرگەی کوردستان و بەرەکانی پێشەوەی شەڕی تیرۆرستان و سەرکەوتنەکانی پێشمەرگەی بۆ شاندی پەرلەمان خستە ڕوو، لە بەشێکی تری دانیشتنەکەدا باس لە پرسی یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی  کوردستان و پڕۆژە یاسای دەستوور کرا، هەردوو لا تەبابوون کە ئەم پرسانە پێویستە سازانی نیشتمانییان لەسەر بکرێت، بۆ ئەم مەبەستەش بڕیاردرا لەگەڵ حیزب و لایەنە سیاسییەکان گفتوگۆ بکرێت بۆ درووستکردنی کۆدەنگی نیشتمانی.
لەتەوەرێکی تری دانیشتنەکەدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسێکی لەبارەی گفتوگۆی فراکسیۆنەکان لەبارەی پرسی دەستوور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان پێشكه‌ش كرد  و ئاماژەی بەوەدا  کە ئێستا فراکسیۆنەکان لە هەوڵی نزیکبوونەوەدان  بۆ سازانی نیشتمانی، هەمو لایەک بە گیانی تەباییەوە دەیانەوێت ئەم قۆناغە تێپەڕێنن.
لە کۆتایشدا هەردوولا کۆکبوون لەسەر ئەوەی کە  تەبایی ناوخۆمان گرەنتی سەرکەوتنمانە، لەبەر ئەوە پێویستە هەمومان  بە گیانی تەبایی و یەکڕیزییەوە ئەم قۆناغە تێپەڕێنین.


رۆژمێرى رووداوه‌كان

>