کۆبوونەوەی پەرلەمان لەگەڵ کۆمەڵ و یەکگرتوو: پەرلەمان شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسە سیاسییەکانە

06/04/2015 04:10:00 م


د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان دەڵێت"لە پەرلەمانی کوردستان کەشێک هاتووەتە پێش فراکسیۆنەکان گفتوگۆ و دانوستاندن بکەن بۆ گەیشتن بە سازانی نیشتمانی و تێپەڕاندنی ئەم قۆناغەی ئێستا. پەرلەمان دەیەوێت لە بڕیاردان لە پرسە گەرمەکان گفتوگۆو دیالۆگ لەگەڵ سەرجەم لایەنەکان بکات بۆ ئەوەی پێکەوە ڕۆڵمان هەبێت لە زەمینەی سیاسی بۆ بڕیاردان لە پرسە گرنگەکانی هەرێمی کوردستان."
ئەم وتانەی سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، لە میانی سەردانێکیدا هات کە ئەمڕۆ ٦ی نیسان بۆ مەکتەبی سیاسی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان و مەکتەبی ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، لە شاری هەولێر، لەسەردانەکەدا هەریەک لە جەعفەر ئیمینکی جێگری سەرۆک و فەخرەدین قادر سکرتێری پەرلەمان، یاوەری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان بوون. لە دوو دانیشتنی جیاوازدا لەگەڵ ئەمینداری یەکگرتو و ئەمیری کۆمەڵی ئیسلامی، بارودۆخی ئێستای هەرێم و شەڕی تیرۆرستان و پرسی دەستووری هەرێمی کوردستانیان لەگەڵ تاوتوێکردن.
محەمەد فەرەج ئەمینداری یەکگرتوو، دەستخۆشی لەهەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد بۆ سازانی نیشتمانی لەسەر پرسە گەرمەکانی هەرێمی کوردستان، پشتیوانی یەکگرتووی بۆ ئەو هەوڵانە دەربڕی و وتی "ئەمە کاری ڕاستەقینەی پەرلەمانە، کە سەرقاڵی یاسادانان بێت، هەمومان لەگەڵ ئەوەداین کە پەرلەمان شوێنی یەکلاکردنەوەی پرسە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بێت.
عەلی باپیر، وێڕای پشتیوانی کۆمەڵی ئیسلامی بۆ هەنگاوەکانی پەرلەمانی کوردستان، وتی "ئەم بارودۆخەی ئێستای هەرێمی کوردستان، ئەوەمان لیدەخوازێت دەستوورمان هەبێت، بە بێ سازانی نیشتمانی ناتوانین ببینە خاوەنی دەستوور، خۆشبەختانە ئێستا ئەو سازان و لێکنزیکبوونەوە لە نێو فراکسیۆنەکانی پەرلەماندا دەبینین.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>