سەرۆکی پەرلەمان: دەبێت دەستوور ببێتە هۆی سازانی لایەنەکان نەک لێکترازانیان.

09/04/2015 01:37:00 م

لە چوارچێوەی سەردانەکەیاندا بۆ لای حیزب و لایەنە سیاسییەکان، نیوەڕۆی ئەمڕۆ ٥ شەممە، د.یوسف محەمەد سادق سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگر و سکرتێری پەرلەمان سەردانی مەکۆی سەرەکی بزوتنەوەی گۆڕانیان لەشاری سلێمانی کردو لەلایەن نەوشیروان مستەفا و شاندێکی بزوتنەوەی گۆڕان پێشوازیکران.

لەسەرەتای دانیشتنەکە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان باسی لەهەوڵەکانی پەرلەمانی کوردستان کرد لە کۆبوونەوەیان لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان و فراکسیۆنەکان بۆ پرسی دەستوور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، لەو بارەیەوە سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی "پرسی دەستوور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێم، پێویستی بە گفتوگۆی زیاترە، هەر بۆیە بەدەر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنەکان پێمان باش بوو لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەو بوارەدا گفتوگۆ بکەین.چونکە بۆ کوردستان، دەبێت دەستوور ببێتە هۆی سازانی لایەنەکان نەک لێکترازانیان."

دواتریش نەوشیروان مستەفا، بەخێرهاتنی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمانی کوردستانی کرد و ئەم هەنگاوەی پەرلەمانی بۆ درووستکردنی کۆدەنگی لەسەر پرسی دەستوور و کۆبوونەوە لەگەڵ لایەنەکان بە کارێکی ئەرێنی ئەژمارکرد و هیوای خواست پەرلەمان و لایەنەکان پێکەوە بە گفتووگۆ و دیالۆگ بگەنە ڕێگەچارەیەکی گونجاو لە پرسی دەستوور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان.لەبارەی دیدی گۆڕان بۆ سیستەمی سیاسی هەرێم، نەوشیروان مستەفا وتی "بزوتنەوەی گۆڕان لەگەڵ ئەوەدایە هەرێمی کوردستان سیستەمێکی پەرلەمانی بێت." دواتر سەرۆکی پەرلەمان و ڕێکخەری گشتی بزوتنەوەی گۆڕان لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ناوەڕۆکی دانیشتنەکەیان بۆ ڕۆژنامەنووسەکان خستە ڕوو.

 


رۆژمێرى رووداوه‌كان

<كانون الثاني 2019>
سأاثأخج
2930311234
567891011
12131415161718
19202122232425
2627282930311
2345678