سه‌ردانی مه‌كته‌بی سیاسی یه‌كێتی كرد
سەرۆکی پەرلەمان:ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم پێویستی بە گفتوگۆیەکی ئارام هەیە

11/04/2015 02:11:00 م
لەکۆبوونەوەی دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، لەگەڵ جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتمانی کوردستان و لێپسراوی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی،  د.یوسف محەمەد سادق، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان وتی "پەرلەمانی کوردستان لەم قۆناغە هەستیارەی کە هەرێمەکەمانی پێدا تێدەپەڕێت، بە پێویستی دەزانێت بەدەر لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنە جیاوازەکانی پەرلەمانی کوردستان، لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی کوردستان بۆ گفتوگۆکرن و ڕاوێژکردن کۆبێتەوە، ئەم دۆخەی ئێستای هەرێم پێویستی بە گفتوگۆیەکی ئارام هەیە، بۆ ئەوەی بە هەمو لایەکمانەوە بتوانین سازان لەسەر پرسە گرنگەکان بکەین."لەبەشێکی تری وتەکانیدا، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و دەستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان، ئاماژەیان بە کۆبوونەوەکانی پەرلەمان کرد لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان بۆ پرسی دەستوور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، بۆچوونی لایەنەکانیان لەسەر ئەم پرسە بەرز و بەرپرسانە هەڵسەنگاند."
دواتر جێگرانی سکرتێری گشتی یەکێتی و بەرپرسی دەستەی کارگێڕی مەکتەبی سیاسی یەکێتی، دەستخۆشییان لەم هەوڵەی پەرلەمانی کوردستان کرد و ئاماژەیان بەوەدا کە پێویستە پەرلەمان وەک دەزگایەکی گرنگی یاسا دانان لەم پرسەدا ڕۆڵی کاریگەریی خۆی ببینێت و پشتیوانی خۆشییان بۆ هەنگاوەکانی پەرلەمان دەربڕی."
دواتر بۆچوونی یەکێتییان لەبارەی بارودۆخی ئێستا و پرسی دەستوور و یاسای سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان خستەڕوو، هیوایان خواست هەمو لایەنەکان پێکەوە بە سازان و لێکتێگەیشتن ئەم قۆناغە تێپەڕێنێت."
دوای کۆبوونەوەکە، سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و جێگری سکرتێری گشتی یەکێتی لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەنووسیدا ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەیان خستە ڕوو، دواتریش وەڵامی پرسیاری ڕۆژنامەنووسانیان دایەوە.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>