پەیامی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان لە ساڵیادی كیمیابارانكردنی هەڵەبجە

16/03/2017 08:20:00 ص

لە رۆژێكی وەكو ئەمرۆ لە ساڵی 1988  و لە سەرەتای هەڵمەتێكی گەورە و فراوان بۆ قڕكردنی گەلی كوردستان لە رێگای بەكارهێنانی چەكی كیمیاوی، رژێمی بەعس تاوانێكی هۆڤانە دژ بە خەڵكی سڤیل و بێتاوانی شاری هەڵەبجەی شەهید ئەنجامدا و لە ئاكامدا زیاتر لە پێنج هەزار كەس لە پیر و منداڵ و ژن و پیاو و كچ و گەنجی شارەكە شەهیدبوون و هەزارانی تریش برینداربوون و دواتر تاوانەكانی ئەو رژێمە گەیشتە ئاستی ئەنفالكردنی زیاتر لە 182 هەزار مرۆڤی كورد.

  ئەو تاوانەی پلان بۆ دارێژراوی رژێمی بەعس، بە ئاشكەرا و لە پێشچاوی وڵاتە زلهێزەكان ئەنجامدرا، كە بە هۆی فشاری هاوكێشە سیاسیی نێودەوڵەتییەكان، جۆرێك لە بێدەنگییان نواند، بەڵام دواتر هەوڵە بەردەوامەكانی سیاسی و دوبلوماسی سەركردایەتی كوردستان بۆ شكاندنی ئەو بێدەنگییە سەریانگرت و چەندین وڵاتانی دۆست بە هانای گەلی كوردستان هاتن و ژمارەیك لە پەرلەمانانی ئەو وڵاتانە لەپاڵ ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق و پەرلەمانی كوردستان، كیمیابارانی هەڵەبجە و شاڵاوە بەدناوەكانی ئەنفال وەك تاوانی جینۆسایدیان ناساند .

  لە یادی 29 مین ساڵەی كارەساتی كیمیابارانكردنی هەڵەبجەدا، داوا لە كۆمەڵگای نێودەوڵەتی و ناوندە بریاربەدەستەكان جیهان دەكەین هەوڵەكانیان چڕتربكەنەوە بۆ پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان بۆ وەدیهێنانی ئامانجی سەربەخۆیی. لە سەر ئاستی هەرێمیش هیواخوازین زامەكانی گەلەكەمان بە رێكخستن ویەكخستنی نێوماڵی كورد سارێژبكەین بۆ ئەوەی چیتر ئەم جۆرە نەهامەت و كارەساتە دووبارە نەبنەوە، هەروەها بە ئەركی سەرشانی هەموو دامودەزگاكانی كوردستان ورێكخراوەكانی مافی مرۆڤ وكۆمەڵگای مەدەنی دەزانین كە لە هەوڵی سارێژكردنی برینەقووڵەكانی كەسوكاری شەهیدانی هەڵەبجە و سەرجەم قوربانیانی ئەو كارەساتە بەردەوامبن.

  سڵاو بۆ گیانی پاكی شەهیدانی هەڵەبجە و شەهیدانی ئەنفال و سەرجەم شەهیدانی رێگای ئازادیخوازی كوردستان.

 

 

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی

جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان

16/3/2017


رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ