جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ كونسوڵی گشتیی بولگاریا له‌ هه‌رێم كرد

12/04/2017 07:27:00 ص
ڕۆژی سێشه‌ممه‌ 2017/4/11، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ دیمیتار ئۆگرینۆڤ، كونسوڵی گشتیی بولگاریا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆی به‌ سه‌ردانه‌كه‌ى كونسوڵی گشتیی بولگاریا بۆ په‌رله‌مان، به‌ناوی په‌رله‌مان و گشت فراكسیۆنه‌كانی ناو په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی كرد، هه‌روه‌ها  په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێمی كوردستان و بولگاریای به‌ په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز وه‌سفكرد و پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ره‌وشی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كان بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كان و شێوازی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا خسته‌ روو.
 هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئاماژه‌ی به‌ ئاماده‌كارییه‌كان بۆ ئه‌نجامدانی گشتپرسی له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و ئه‌و پرسه‌شی به‌ یه‌كێك له‌ پرسه‌ گرنگه‌كان بۆ پاراستنی ئاسایشی ناوچه‌كه‌دا وه‌سفكرد و رایگه‌یاند: "ئه‌نجامدانی ریفراندۆم هه‌ره‌شه‌ نییه‌ بۆ هیج لایه‌ك و وڵاتێك، به‌ڵكو ئه‌وه‌ مافێكی ره‌وای خه‌ڵكی كوردستانه‌ و له‌ ئێستاشدا له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ گفتوگۆداین ‌و پێمانراگه‌یاندوون".
سه‌باره‌ت به‌ وڵاتانی دراوسێی هه‌رێمی كوردستانیش، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌ هه‌ردوو وڵاتی ئێران و توركیا كرد و به‌ دوو دراوسێی باشى هه‌رێمی كوردستانى له‌ قه‌ڵه‌مدان ‌و  رایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندییه‌كى زۆر به‌هێزمان له‌گه‌ڵ هه‌ردوو وڵاتی توركیا و ئێراندا هه‌یه‌ و هه‌رێمی كوردستان هه‌میشه‌ بووه‌ته‌ هۆكاری ئارامی و سه‌قامگیری بۆ ناوچه‌كه‌ و لای ئێمه‌ ئارامی بۆ ناوخۆى هه‌رێم و دراوسێكانی و ناوچه‌كه‌  گرنگه‌".
له‌به‌رمبه‌ردا، دیمیتار ئۆگرینۆڤ، كونسوڵی گشتیی بولگاریا له‌ هه‌رێمی كوردستان، سوپاسی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌م پێشوازییه‌ و جه‌ختی له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و بولگاریا كرده‌وه‌ و رۆلی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش به‌رزنرخاند.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا، كونسوڵی گشتیی بولگاریا له‌ هه‌رێمی كوردستان، به‌بایه‌خه‌وه‌ باسی له‌ رۆلی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد له‌ له‌خۆگرتن و حه‌واندنه‌وه‌ی ئاواره‌كان.
سه‌باره‌ت به‌ مژاری گه‌رمی ئێستای هه‌رێمی كوردستانیش كه‌ پرسی ریفراندۆمه‌، كونسوڵی گشتیی بولگاریا رایگه‌یاند: "ریفراندۆم مافی ره‌وای هه‌موو گه‌لێكه‌ و په‌یامی مرۆڤایه‌تیی ئێمه‌ ئه‌وه‌یه‌ كه‌ پشتگیریتان لێبكه‌ین".

رۆژمێرى رووداوه‌كان