جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ فۆتۆگرافه‌ر و رۆژنامه‌نووسێكی به‌ناوبانگی سویدی ده‌كات

17/04/2017 12:47:00 م
ئه‌مڕۆ 2017/4/17، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ نیكۆلا مایسترۆڤیچ، فۆتۆگرافه‌ر و رۆژنامه‌نووسی به‌ناوبانگی سویدی كرد.
 له‌ دیدارێكدا كه‌ ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و راوێژكارانی په‌رله‌مان ئاماده‌یبوون، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان خۆشحاڵی خۆی به‌هاتنی نیكۆلا مایسترۆڤیچ، بۆ هه‌رێمی كوردستان و په‌رله‌مان ده‌ربڕی كه‌ له‌ نزیكه‌وه‌ به‌چاوی خۆی بارودۆخی سیاسی كوردستان ببینێ ‌و رۆلی نیكۆلا مایسترۆڤیچ-ى به‌ به‌رزی نرخاند كه‌ توانیویه‌تی له‌ رێگه‌ی كاره‌كه‌ی وه‌ك فۆتۆگرافه‌ر ‌و رۆژنامه‌نووسێك دۆزی كورد به‌ دونیای ده‌ره‌وه‌ بناسێنێ و رایگه‌یاند: "نیكۆلا مایسترۆڤیچ، له‌ساڵی 1968 بۆ یه‌كه‌مجار هاتۆته‌ كوردستان و چاوی به‌سه‌ركردایه‌تیی شۆڕشی ئه‌یلول، جه‌نابی بارزانیی نه‌مر كه‌وتووه‌ ‌و خه‌بات و تیكۆشانی له‌ پێناو به‌ده‌ستهێنانی مافه‌كانی كوردی كردۆته‌ هه‌واڵ بۆ ده‌ره‌وه‌ی كوردستانی گواستۆته‌وه‌ و چه‌ندین كتیبی له‌سه‌ر كوردستان به‌ چاپ گه‌یاندووه‌ ‌و ئێستا به‌رێزیان پاش 49 ساڵ سه‌ردانی كوردستان ده‌كات و ده‌بینێ به‌رهه‌می خه‌باتى چه‌ندین ساڵه‌ی گه‌له‌كه‌مان له‌ پێناو پاراستنی شوناسی نه‌ته‌وه‌كه‌مان ‌و گه‌یشتن به‌ مافه‌ ره‌واكانى ئێستا بووین به‌خاوه‌نی په‌رله‌مان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و له‌ ئێستاشدا كار بۆ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم ده‌كه‌ین وه‌ك مافێكی سروشتیی خه‌ڵكی كوردستان".
له‌به‌رامبه‌ردا نیكۆلا مایسترۆڤیچ، زۆر سوپاسی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانی كرد بۆ ئه‌م رێزلینان و پێشوازییه‌ و ئاماژه‌ی به‌ هاتنی بۆ كوردستان كرد و گوتی: "من دوای سالێ 1968 كه‌ بۆ یه‌كه‌مجاربوو سه‌ردانی كوردستان بكه‌م ئه‌وه‌ی تر سه‌ره‌تایی ساڵانی نه‌وه‌ده‌كان بوو هاتم و له‌ ئێستادا زۆر جیاوازی گه‌وره‌ و گرنگ ده‌بینم له‌ پێشكه‌وتنی ئه‌م وڵاته‌ كه‌ بۆ من مایه‌ی خۆشحالییه‌ كه‌ ده‌بینم ڕه‌نجی شۆڕش و خه‌باتگێڕانی كوردستان به‌ فیڕۆ نه‌ڕۆیشتووه‌ و له‌ئێستاشدا ده‌بینم هه‌وڵه‌كانتان بۆ راپرسی و سه‌ربه‌خۆیی خۆتان له‌ ئارادایه‌ كه‌ ئه‌وه‌ مافی هه‌موو گه‌لێكه‌، هیوادارم ئه‌م قۆناخه‌ش وه‌ك قۆناغه‌كانی سه‌رده‌می شۆڕش به‌سه‌ركه‌وتوویی تیبپه‌رێت".
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان دیاریی رێزلێنانی په‌رله‌مانی كوردستانی به‌خشییه‌ نیكۆلا مایسترۆڤیچ ‌و هیوای سه‌ركه‌وتن و ته‌مه‌ن درێژی بۆ خواست.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان