جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ شاندێكی زانكۆی ئۆستراڤای چیكى كرد

18/04/2017 02:36:00 م
ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2017/4/18،  دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی ، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ شاندێكی زانكۆی ئۆستراڤای چیكى كرد، كه‌ پێكهاتبوون له‌ پرۆفیسۆر ڤاكلاڤ سنانێل سه‌رۆكی زانكۆ و جان بریزینا ئه‌ندامی پێشووی په‌رله‌مانی ئه‌وروپا و دكتۆر یارۆ سلاڤ جێگری كونسوڵخانه‌ی چیك له‌ هه‌رێمی كوردستان.
له‌ كۆبوونه‌وه‌یه‌كدا، سه‌ره‌تا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان خۆشحاڵی خۆی ده‌ربڕی به‌سه‌ردانیكردنی ئه‌م شانده‌ بۆ په‌رله‌مانی كوردستان و رۆلی وڵاتی چیكى له‌هاوكاریكردنی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان له‌ مه‌شپێكردنیان به‌رزنرخاند ‌و مه‌ترسییه‌كانی داعشی بۆ سه‌رپێكهاته‌كانی عێراق  خسته‌روو و ئاماژه‌ی به‌ رۆلى قاره‌مانانه‌ی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان كرد له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش كه‌توانیان له‌ جیاتی هه‌موو جیهان ئه‌و شه‌ڕه‌ بكه‌ن و داعش تێكبشكینن.
هه‌روه‌ها باسی له‌ باردودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆى هه‌رێمی كوردستان و عێراق كرد و  رایگه‌یاند: " ئێمه‌ دوای شه‌ڕی ئازادكردنی عێراق له‌ ساڵی 2003 وه‌كو كورد ویستمان له‌گه‌ڵ عێراقیك بین كه‌ عێراقێكی دیموكراسی بێت، به‌ڵام به‌داخه‌وه‌ به‌هه‌مان سیاسه‌تی پێشوو مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ كورد و پێكهاته‌كانی دیكه‌ی عێراق ده‌كرێت كه‌ هه‌ر رۆژه‌ و به‌ ناوێك و بیانویه‌ك جینوسایدمان ده‌كه‌ن و قووتی خه‌ڵكی كوردستانیان بڕى و سیاسه‌تی چه‌وت به‌رامبه‌ر به‌ هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكی كوردستان به‌كاردێنن، بۆیه‌ ئَێستا سه‌ركردایه‌تی سیاسیی كورد ده‌یوێت له‌ رێگه‌ی ریفراندۆمه‌وه‌ بۆچوونی خه‌ڵكی كوردستان وه‌ربگرێت كه‌ ئایه‌ له‌گه‌ڵ عێراق بین یان جیاوازبین، له‌ ئێستا ئاماده‌كاری سیاسی و  یاسایی و ته‌كنیكی بۆ ئه‌نجامدانی گشتپرسی ده‌كرێت". سه‌باره‌ت به‌ كه‌رتی په‌روه‌رده‌ و خوێندنی باڵاش، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان گوتی: "له‌ سه‌ره‌تای راپه‌رینی خه‌ڵكی كوردستان له‌ساڵی 1991 یه‌ك زانكۆمان هه‌بوو، به‌ڵام له‌ ئیستادا خاوه‌نى 19 زانكۆین و به‌رده‌وامیش له‌ به‌ره‌وپێشبردنی ئه‌و كه‌رته‌ دایه‌ و داوایكرد پێویسته‌ كردنه‌وه‌ی هه‌ر زانكۆیه‌ ببێته‌ هۆی به‌رزكردنه‌وه‌ی ئاستی زانستی و پێگه‌یاندنی تاكه‌كانی كۆمه‌ڵگابێت. 
له‌ به‌رامبه‌ردا شاندی میوان وێڕای ده‌ربڕینی خۆشحاڵی خۆیان به‌ سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان لێیان، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ هه‌رێمی كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌ به‌نیازن به‌ هاوكاریی كۆمپانیایه‌كی نێوخۆی كوردستان لقێكی زانكۆی ئۆستراڤای چیكى له‌ هه‌رێمی كوردستان بكه‌نه‌وه‌ كه‌ تایبه‌ت ده‌بێت به‌ ته‌كنۆلۆجیا ‌و توێژینه‌وه‌ی زانستیی كانزایی.
هه‌روه‌ها شانده‌كه‌ رۆڵی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیان له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش  و له‌ ئامێزگرتنی ئاواره‌یه‌كی زۆرى ناوچه‌كانی تری عێراق له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌رزنرخاند و سه‌باره‌ت به‌ پرسی ریفراندۆمیش، پشتگیریی خۆیان بۆ پرسه‌كه‌ نیشاندا و به‌ مافێكی ره‌وای هه‌موو گه‌لێكیان زانی. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ