جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی سیناتی ئیتالیا دەكات

04/06/2017 04:43:00 م

ئەمڕۆ 4/6/2017 دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان پێشوازیی لە شاندێكی سیناتی وڵاتی ئیتالیا كرد، كە پێكهاتبوو لە سیناتۆر "رۆبیرتۆ كۆسیانسیج" سەرۆكی لیژنەی پارتی دیمۆكرات لە كۆمسیۆنی ئەورۆپا بۆ كاروباری سیاسی و ئەندامی لیژنەی دەستووری لە سیناتی ئیتالیا و سیناتۆر " جۆسیپی رۆمانینی" لە پارتی دیمۆكراتی ئیتالیا و سەرۆكی لیژنەی پەرلەمانی ئیتالیا بۆ دۆستایەتی گەلی كورد و " ماورو دلباربا" ئەندام لە لیژنەی بودجە لە سیناتی ئیتالیا و "دۆن ڤینسینزو فدریكو" سەرۆكی رێكخراوی كاریتاس و پرۆفیسۆر " ئاڵدۆ مۆرۆنی" سەرۆكی رێكخراوی ئیفۆسان گالیسیانۆ و هەردوو رۆژنامەنووس " سارا لكرۆنی" و " پیێر لویجی جورجی" و "سۆران ئەحمەد" سەرۆكی رێكخراوی پەیمانگای نێودەوڵەتی بۆ كولتووری كوردی.

لە دیدارێكدا، كە ژمارەیەك لە ئەندامانی پەرلەمان ئامادەیبوون، جێگری سەرۆكی پەرلەمان خۆشحاڵی خۆی بەم سەردانی شاندی سیناتی ئیتالیا بۆ پەرلەمانی كوردستان دەربڕی و ئاماژەی بە رۆڵی وڵاتی ئیتالیا كرد لە پشتیوانیكردنی هەرێمی كوردستان و بەتایبەتیش لە پشتیوانیكردنی هێزەكانی پێشمەرگە لە جەنگی دژی داعشدا . هەروەها ئاماژەشی بەو كێشە نێوخۆییەكانی عیراق و ئەو هەڵە سیاسییانەی كرد كە بووەنەتە هۆی ئەو دەردەسەرییەی كە بە سەر گەلانی عیراق هاتووە. لەلایەكی ترەوە جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان باسی رەوشی سیاسی هەرێمی كوردستان و ئامادەكارییەكان بۆ ئەنجامدانی ریفراندۆم كرد و تەئكیدیشی لەسەر پێكەوەژیانی نێوان سەرجەم پێكهاتەكان لە هەرێمی كوردستان كردەوە.

لە لایەن خۆشیانەوە، ئەندامانی شاندی سیناتی ئیتالیا خۆشحاڵی خۆیان بەم سەردانە دەربڕی و پەسنی رۆڵی پێشمەرگەی كوردستانیان كرد لە بەرگریكردن لە سەرجەم جیهانی ئازاد لە شەڕی دژی تیرۆردا و پشتگیری خۆیان بۆ هەوڵەكانی هەرێمی كوردستان دەربڕی و سەرۆكی شاندەكە رایگەیان كە هەر لایەك بڕوای بە ئاشتی و دیمۆكراسی هەبێت دەبێت پشتگیری هەرێمی كوردستان بكات. هەر لە دیدارەكەدا جەخت لەسەر پتەوكردنی پەیوەندییەكلنی نێون هەردوولادا كرا.

 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان