پەرلەمانی كوردستان ساڵیادی كۆچی دوایی پەرلەمانتار فەلەكەدین كاكەیی بەرز رادەگرێت

01/08/2017 01:59:00 م

لەساڵیادی كۆچی دواییی نووسەرو سیاسەتمەدارو پەرلەمانتار فەلەكەدین كاكەیی، پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ 1/8/2017، لەژێر چاودێریی دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان ‌و بەئامادەبوونی بنەماڵەو كەسوكاری خوالێخۆشبوو و ژمارەیەك لەئەندامانی پەرلەمان و ژمارەیەك لە بەرپرسان و هاوڕێ و هاوسەنگەرانی، پیشانگایەكی فۆتۆگرافی بۆ وێنەكانی فەلەكەدین كاكەیی، كە گوزارشتیان لە ژیانی سیاسی و پێشمەرگایەتی و رۆشنبیریی دەكرد و لە لایەن وێنەگر مەحمود هەولێری كۆكرابوونەتەوە، لەتەلاری پەرلەمان كرایەوە.

دكتۆر جەعفەر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان، وەك هەڤاڵ و هاورێبازو هاوخەباتی مامۆستا فەلەكەدین كاكەیی بەم بۆنەیەوە وتەیەكی پێشكەشكردو تیایدا تیشكی خستە سەر لایەنە دیارو گەشاوەكانی ژیانی ئەو كەڵە مرۆڤە لەخزمەتكردنی بزاڤی رۆژنامەگەریی و سیاسی و رۆشنبیری و ئاماژەی بەو بیرە فراوانە كرد كە مامۆستا فەلەكەدین كاكەیی لەپێناو سەرخستنی ئەزموونی كوردستان هەیبوو، كەخاوەنی چەندین بیرۆكەو شرۆڤەو لێكدانەوەی سیاسی بوو لەپێناو سوودگەیاندن و سەرخستنی دۆزی رەوای گەلەكەی و توانیی بەقەڵەم و خەباتی بێوچانی لەمەیدانی سیاسەتدا كەسێكی جێی متمانەو باوەڕ بێت لای هەڤاڵانی و شرۆڤەو بۆچوونەكانی هەمیشە بەهەند وەربگیرێن و تەنانەت زۆر بۆچوونیشی بێنە دی كەبێگومان هەمووی لەپێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی گەلەكەی بووە.

هەر لەوتەكەیدا جێگری سەرۆكی پەرلەمان، تیشكی خستە سەر كارەكانی خوالێخۆشبوو وەك پەرلەمانتاری یەكەمین خولی پەرلەمان و دواتر وەك وەزیری رۆشنبیری لەدوو كابینەی جیاوازی حكومەتی هەرێمدا و كاری بەردەوامی بۆ خزمەتكردنی وشەو فەرهەنگ و هونەری كوردی، لەدەستدانیشی بەخەسارەتێكی گەورە بۆ بزاڤی فیكری و سیاسیی  گەلەكەمان لەقەڵەمدا.

 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

په‌خشى راسته‌خۆ