لیژنەی یاسایی یەكەم كۆبوونەوەی خۆی لەخولی پایزە ئەنجامدا

02/10/2017 10:19:00 ص

سەعات ١٠ی سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 2/10/2017، لیژنەی یاسایی پەرلەمانی كوردستان، بەئامادەبوونی د.ڤالا فەرید سەرۆك و ژمارەیەك لەئەندامانی لیژنەكە لە فراكسیۆن و لیستە جیاوازەكان، یەكەم كۆبوونەوەی خولی پایزە لە ساڵی چوارەمی خولی چوارەمی هەڵبژاردنی ئەنجامدا.

 بەشی یەكەمی كۆبوونەوەكە تایبەتبوو بەگفتوگۆكردنی پرۆژە یاسای راگرتنی كاركردن بەیاسای بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە 9ی ساڵی 2008ی هەرێم، كە لەلایەن سەرۆكایەتی پەرلەمانەوە ئاراستەی لیژنەكە كرابوو و لەدانیشتنی ئاسایی ژمارە (1)ی ئەم خولە  خوێندنەوەی یەكەمی بۆ كرابوو.

دوای وەرگرتنی راوێژی ئەندامانی لیژنەكە لەبارەی پرۆژە یاسای راگرتنی كاركردن بەیاسای بەكرێدانی خانووبەرە ژمارە 9ی ساڵی 2008ی هەرێم، بۆ بەرچاو روونی زیاترو وەگرتنی رای ئەنجومەنی دادوەری، بریاردرا لە ئایندەیەكی نزیكدا لیژنەی یاسایی لەگەڵ سەرۆكی دادگاكانی تێهەڵچوونەوە (استئناف)ی پارێزگاو ناوچەكانی هەرێم كۆببنەوەو ئینجا راپۆرتی لیژنەكە دەربارەی پرۆژەكە ئامادە بكرێت.

لەبەشی دووەمی كۆبوونەوەكەدا، لیژنەی یاسایی پەرلەمان میوانداری د. سەلیم سەعید زەنگەنە سەرۆكی بۆردی كوردستانی و د. مەعرف تحسین جێگری سەرۆكی بۆردەكە كرد. لەدیدارەكەدا، وەفدەكەی  بۆردی كوردستانی ئەوەیان بۆ لیژنەی یاسایی پەرلەمان روونكردەوە، كە بۆردی كوردستانی دەیەوێت هاوشانی بۆردی عەرەبی و عیراقی خزمەت بەبواری تەندروستی بكات و لەئێستاشدا زیاتر لە 700 خوێندكارییان هەیەو تاكە دەزگای هەرێمیشە كە بروانامەی دكتۆرا لەپسپۆرییە پزیشكییەكان ببەخشن. هەروەها ئەوەشییان روونكردەوە كە بۆردەكە لەبەرنامەیدایە بواری تەندروستی هەرێم لەلایەنی ژینگەیی و ئابووری و كۆمەڵایەتییەوە پێشبخات و گرنگی زیاتر بەرۆڵە تەكنیكیەكان و كادیرە تەندروستییەكان وەك پەرستاری بدات. لەو چوارچێوەیەشدا، سەرۆكی بۆردەكە داوایكرد لیژنەی یاسایی پشتگیری لەپرۆژە یاسای بۆردی كوردستانی بكات كە داوا دەكەن سەر بەئەنجومەنی وەزیران بن.

لەبەرامبەریشدا، لیژنەی یاسایی ئەوەی بۆ وەفدی میوان روونكردەوە، بەهۆی ئەوەی پرۆژەكەیان راستەوخۆ پەیوەندی بەحكومەت و وەزارەتە پەیوەندیدارەكانەوە هەیە، بۆیە پێویستە بۆردی كوردستان پرۆژەكەی لەرێگەی حكومەتەوە ئاراستەی پەرلەمان بكات و هەروەها ئەوەشییان روونكردەوە لەكاتی گەیشتنی پرۆژەكەش لیژنەی یاسایی و پەرلەمان لەچوارچێوەی رێككارە یاساییەكان هاوكارو پشتگیری پرۆژەكە دەبێت.

 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان