لیژنەى رۆشنبیرى بەدواداچوون بۆ 20 ملیار دینارى پایه‌ته‌ختی رۆشنبیرى دەکات

07/12/2017 01:54:00 م
لیژنه‌ى رۆشنبیریى و راگه‌یاندن و هونەر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بەدواداچوون بۆ ئەو 20 ملیار دینارەى کە تەرخانکرابوو بۆ ژێرخانى رۆشنبیریى شارى سلێمانى.
ئەمڕۆ پێنج شەممە 2017/12/7، لیژنه‌ى رۆشنبیریى و راگه‌یاندن و هونەر له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، بە سه‌رپه‌رشتیی فه‌رحان جه‌وهه‌ر، سەرۆکى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگر و بڕیاردەر و زۆربه‌ی  ئەندامانى لیژنەكه‌ کۆبوونەوەى ئاسایى خۆى ئەنجامدا.
لە سەرەتاى کۆبوونەوەكه‌دا ئەو نووسراوانەى کە ئاراستەى لیژنەكه‌ کرابوون وەڵام درانەوە، هەروەها  دانانى بەرنامەى کۆبوونەوەى هەفتانەى لیژنەکەكه‌ دیاریكرا.
لە بەشێکى ترى کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا بەدواداچوون بۆ ئەو 20 ملیار دینارەى کە پەرلەمانى کوردستان تەرخانى کردبوو بۆ بونیادنانى ژێرخانى پایه‌ته‌ختى رۆشنبیری (شارى سلێمانى) بكات.
هه‌ر لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ کرا لەسەر بەدواداچوونى کارى دەزگاکانى راگەیاندن و چارەسەرکردنى ئەو گرفتانەى دێنە بەردەم کارى راگەیاندن لە هەرێمى کوردستاندا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان