لیژنه‌ی دارایی و ئابووری چه‌ند پرسێكی گرنگی تایبه‌ت به‌ كاروبارى لیژنه‌كه‌ تاووتوێ ده‌كات

07/12/2017 02:13:00 م
ئه‌مڕۆ پێنج شه‌ممه‌ 7/12/2017، لیژنه‌ی دارایی و كاروباری ئابووری و وه‌به‌رهێنان له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ سه‌رپه‌رشتیی عه‌لی حه‌مه‌ ساڵح، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی بڕیارده‌رو زۆربه‌ى ئه‌ندامانى كۆبوونه‌وه‌ى ئاسایى خۆی ئه‌نجامدا.
له‌ سه‌ره‌تاى كۆبوونه‌وه‌كه‌دا عه‌لى حه‌مه‌ ساڵح، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌كه‌، باسى له‌ دانانى به‌رنامه‌ى كارى داهاتووى لیژنه‌كه‌ كرد و رایگه‌یاند: "پێویسته‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تى هه‌رێم كۆبوونه‌وه‌یه‌ك ئه‌نجام بده‌ین بۆئه‌وه‌ى بارودۆخى دارایى گفتوگۆى جدیى له‌سه‌ر بكرێت".
دواتر ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ به‌ وردى گفتوگۆیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرد كه‌ له‌سه‌ره‌تادا راپۆرتێك ئاماده‌ بكه‌ن و ده‌ستنیشانى ئه‌و سێكته‌رانه‌ بكرێت كه‌ به‌هه‌ده‌ردانى مالیى تێدایه‌ و له‌ كۆبوونه‌وه‌ى لیژنه‌كه‌  له‌گه‌ڵ حكومه‌ت ئه‌و راپۆرته‌ بخوێندرێته‌وه‌ و به‌ حكومه‌ت بدرێت.
ئه‌ندامانى لیژنه‌ راى خۆیان له‌سه‌ر پڕِۆژه‌ یاساى هه‌ڵوه‌شاندنه‌وه‌ى پاشه‌كه‌وتى مووچه‌ ده‌ربڕى كه‌ خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌مى بۆ كراوه‌ و ئاراسته‌ى لیژنه‌كه‌ كراوه‌.
له‌ به‌شێكى دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر ره‌شنووسى پڕۆژه‌ یاساى بودجه‌ى عێراق بۆ ساڵى 2018 كرا، هه‌روه‌ها كه‌موكوڕییه‌كانى پڕۆژه‌كه‌و ئه‌و مادده‌ نایاساییانه‌ى به‌رامبه‌ر پشكى كورد كراوه‌ باسیان لێوه‌ كرا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان