تاریق جەوهەر: "وه‌فدێكی په‌رله‌مانى كوردستان سه‌ردانی عه‌فرین ده‌كات"

09/02/2018 03:59:00 م
سبەی وەفدێکی پەرلەمانی کوردستان بۆ لەنزیکەوە ئاگاداربوون لە رەوشی ناوچەی عەفرین سەردانی رۆژئاوای کوردستان دەکات. 
تاریق جەوهەر، راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی كوردستان، بەماڵپەری پەرلەمانی کوردستانی راگەیاند: "بریارە رۆژی شەممە 10ی شوبات بەمەبەستی لە نزیکەوە ئاگاداربوون لە دۆخی ناوچەی عەفرین، شاندێکی پەرلەمانی کوردستان سەردانی رۆژئاوای کوردستان بکات". ناوبراو گوتیشی: "وەفدەکە لەپێنج ئەندامی فراکسیۆنەکانی: پارتی، یەکێتی، گۆڕان، شیوعی و یەکگرتوو، پێکهاتووە و بریتین لە: عەلی هالۆ، عەباس فەتاح، شێرکۆ حەمەئەمین، سالار مه‌حمود، ئەبو کاروان و سوهراب میكائیل، بە نوێنەرایەتیی پەرلەمانی کوردستان سەردانی عەفرین و رۆژئاوای کوردستان دەکەن".
راوێژكاری راگەیاندنی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، باسی لەوەش کرد کە وەفدەکەی پەرلەمان بڕێک کۆمەکی دەرمان و کەره‌ستەی پزیشکی بۆ عەفرین لەگەڵ خۆیان دەبەن، کە لەلایەن وەزارەتی تەندروستیی حکومەتی هەرێمی کوردستان دابینکراوە. 
شایانی باسە رۆژی 30-1-2018، پەرلەمانی کوردستان دانیشتنێکی ئاسایی لەبارەی هێرشی تورکیا بۆ سەر عەفرین ئەنجامدا، دوای دانیشتنەکەش راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوەو بەپێویستی زانی سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوای کوردستان کراوە بێت بۆ گەیاندنی هاوکاری و کۆمەکی پێویست لەڕووی تەندروستی و مرۆییەوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی عەفرین بەتایبەتی و رۆژئاوا بەگشتی. 
خاڵەکانی راگەیێندراوەکەی پەرلەمانی کوردستان لەبارەی عەفرین: 
یەکەم: شەرمەزار و ئیدانەی هێرشی سەربازیی دەوڵەتی تورکیا دەکەین بۆ سەر شاری عەفرینی رۆژئاوای کوردستان. 
دووەم: داوا لەنەتەوە یەکگرتووەکان و کۆمەڵی نێودەوڵەتی دەکەین بە خێرایی بێنە سەر خەت بەمەبەستی راگرتنی هێرشی ناڕەوای تورکیا بۆ سەر کانتۆنی عەفرین. 
سێیەم: پێویستە دەوڵەتی تورکیا رێز لە بنەماکانی یاسای نێودەوڵەتی و دراوسێیەتی بگرێت و، داواش دەکەین دەستبەجێ هێرش و پەلامارەکان رابگرێت. 
چوارەم: داوا لە رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان و لایەنەکانی کۆمەکبەخش دەکەین بەهانای خەڵکی مەدەنیی شاری عەفرینەوە بچن. لە پێشکەشکردنی هاوکاریی و دابینکردنی پێداویستییە مرۆییە سەرەتاییەکان. 
پێنجەم: بەرگریی رەواو قارەمانانەی ژنان و پیاوانی خەڵکی خۆڕاگری رۆژئاوا و کانتۆنی عەفرین بەرز دەنرخێنین و هیوای سەرکەوتنیان بۆ دەخوازین. 
سێ پێشنیاز لە پەرلەمانی کوردستانەوە یەک: سنووری نێوان هەرێمی کوردستان و رۆژئاوا کراوەبێ بۆ گەیاندنی هاوکاری و کۆمەکی پێویست لەڕووی تەندروستی و مرۆییەوە بۆ خەڵکی لێقەوماوی عفرین بەتایبەتی و رۆژئاوا بەگشتی. دوو: پێویستە هێز و لایەنەکانی رۆژئاوای کوردستان بە لەبەرچاوگرتنی مەترسییەکانی سەر ئەزموونی رۆژئاوا، ناکۆکییەکانیان بەلاوە بنێن و لە رێگای دایەلۆگ و یەکتر قبوڵکردنەوە یەکڕیزیی نەتەوەیی دروست بکەن و دەستکەوتەکانیان بپارێزن. سێ: بەستنی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان لەم قۆناغە بەپێویست دەزانین بۆ راپەڕاندنی ئەرکە هاوبەشە نیشتمانیەکان و، پێویستە بەرژەوەندی باڵای گەلی کوردستان بەکردار بخرێتە سەرووی بەرژەوەندییە ئایدۆلۆژی و حیزبی و سیاسییەکان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان