شاندی په‌رله‌مانی كوردستان دۆخی عه‌فرین له‌گه‌ڵ سێناتی فه‌ڕه‌نسا تاووتوێ ده‌كات

20/03/2018 07:19:00 ص
له‌ چوارچێوه‌ی سه‌ردانه‌كه‌یاندا بۆ ده‌ره‌وه‌ى وڵات، ڕۆژی ١٩ی ئادارى-2018، شاندی په‌رله‌مانی کوردستان، له‌ باڵه‌خانه‌ی ئه‌نجوومه‌نی سێناتی فه‌ڕه‌نسا، له‌گه‌ڵ ژماره‌یه‌ک سیناتۆری فه‌ڕه‌نسی و سه‌رۆکی لیژنه‌ی به‌رگری و لیژنه‌ی په‌یوه‌ندیی ده‌ره‌وه‌ و سه‌رۆکی گرووپی دۆستایه‌تیی فه‌ڕه‌نسا و کوردستان له‌ ئه‌نجوومه‌نی سێنات کۆبۆ‌وه.
له ‌سه‌ره‌تای کۆبوونه‌وه‌که‌دا شاندی په‌رله‌مان سوپاس و ستایشی په‌رله‌مان و خه‌ڵکی کوردستانیان له‌ڕێگه‌ی سیناتۆره‌کانه‌وه‌ پێشکه‌ش به‌ حکومه‌ت و گه‌لی فه‌ڕه‌نسا کرد، بۆ پشتیوانی و پشتگیریان له‌ گه‌لی کوردستان، هه‌ر له‌ بڕیاری ٦٨٨ی ئه‌نجوومه‌نی ئاسایش و دوای ڕاپه‌رین تا شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و پاشان هه‌ڵگرتنی گه‌مارۆی دیپلۆماسی له‌سه‌ر کوردستان که‌ فه‌ڕه‌نسا ڕۆلی گرنگی هه‌بووه‌.
هه‌ر له‌ کۆبوونه‌وه‌که‌دا به‌وردی باس له‌ دۆخی عه‌فرین وکاره‌ساتی مرۆیی عه‌فرین و ناوچه‌که‌ کرا و داوا له‌ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا کرا، ڕوڵی خۆی بگێڕێ له‌ وه‌ستاندنی ئه‌و کاره‌ساته‌ مرۆییه‌و هاوکاریکردنی لێقه‌ومان.
هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ی عێراق و کوردستان و شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و ڕه‌وشی ئاواره‌کان و پێکه‌وه‌ژیانی هه‌رێمی کوردستان و گفتوگۆ و دانوستاندنی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا، ته‌وه‌رێکی دیكه‌ی گفتوگۆکان بوو.
شایه‌نی باسه‌ شانده‌که‌ی په‌رله‌مان پێکهاتووه‌، له‌ جێگری سه‌رۆکی په‌رله‌مان دکتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینکی و بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سکرتێری په‌رله‌مان و ئومێد خۆشناو، سه‌رۆکی فراکسیۆنی پارتی و به‌هزاد زێباری، سه‌رۆکی فراکسیۆنی یه‌کگرتووی ئیسلامی و دکتۆره‌ ڤاڵا فه‌رید، سه‌رۆکی لێژنه‌ی كاروباری یاسایی و زانا عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆکی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌کان و یه‌عقوب گۆرگیس، سه‌رۆکی فراکسیۆنی ئاشوری و دلشاد شه‌ریف ڕاوێژکاری په‌رله‌مان و عه‌لی دۆڵه‌مه‌ری، نوێنه‌ری حکومه‌تی هه‌رێمی کوردستان له‌ فه‌ڕه‌نسا.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان