شاندی په‌رله‌مان له‌ پاریس له‌گه‌ڵ په‌رله‌مان و وه‌زاره‌تی ده‌ره‌وه‌ به‌شی کاروباری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست كۆبۆوه‌

20/03/2018 09:36:00 م
له‌چوارچێوه‌ی دیداره‌کانی شاندی په‌رله‌مانی کوردستان له‌ وڵاتی فه‌ڕه‌نسا، ئه‌مڕۆ ٢٠ی ئادار له‌په‌رله‌مانی فه‌ڕه‌نسـا و وه‌زارتی ده‌روه‌ی ئه‌و وڵاته‌، دوو کۆبوونه‌وه له‌گه‌ڵ سه‌رۆکی کۆمسـیۆنی کاروباری ده‌ره‌وه‌ی په‌رله‌مان وشاندێکی وه‌زاره‌تی ده‌روه‌ی فه‌ڕه‌نسا به‌ڕێوه‌چوو. 
له ‌هه‌ردوو کۆبوونه‌وه‌که‌دا، وێڕای گه‌یاندنی سوپاسگوزاریی په‌رله‌مان و خه‌ڵکی کوردستان بۆ گه‌ل و حکومه‌تی فه‌ڕه‌نسا، باس له‌ په‌ره‌پێدانی په‌یوه‌ندیی نێوان په‌رله‌مانی کوردستان و فه‌ڕه‌نسـا کرا.
سه‌رکه‌وتنی کوردستان به‌سه‌ر شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و ره‌وشی ئاواره‌کان و پێکه‌وه‌ژیانی پێكهاته‌كانی کوردستان، ته‌وه‌رێکی دیکه‌ی کۆبوونه‌وه‌کان بوو، هه‌روه‌ها هه‌ڵوه‌سته‌کردن له‌مه‌ڕ پڕۆسه‌ی سیاسی و هه‌ڵبژاردنی ئاینده‌ی عێراق و پێشێلکارییه‌ ده‌ستورییه‌کان و کێشه‌ مه‌زهه‌بی و سیاسییه‌کان ته‌وه‌رێکی دیكه‌ی دیداره‌که ‌بوو.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كاندا دانووستانه‌کانی نێوان هه‌ولێر و به‌غدا و هه‌وڵی هه‌ڵگرتنی ئابڵوقه‌ ناشه‌رعییه‌کانی عێراق له‌سه‌ر کوردستان ڕوناکی خرایه‌ سه‌ر.
له‌ کۆتاییدا شاندی په‌رله‌مانی کوردستان داوه‌تی په‌رله‌مانی فه‌ڕه‌نسـای کرد بۆ سه‌ردانیكردنی هه‌رێمی کوردستان.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان