ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ كونسوڵی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد

02/04/2018 05:16:00 م
ئه‌مڕۆ دووشه‌ممه‌ 2/4/2018، دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ ئاماده‌بوونی خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی له‌ دۆمه‌نیك ماس، كونسوڵی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد. 
له‌ دیدارێكدا دۆمه‌نیك ماس، كونسوڵی فه‌ره‌نسا له‌ هه‌رێمی كوردستان، وێڕای گه‌یاندنی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ ئه‌و پێشوازییه‌، مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌ى بۆ په‌رله‌مانى كوردستان روونكرده‌وه‌ و گووتی: "بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوون له‌ كاره‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌و پڕۆژانه‌ی كه‌وا له‌به‌رده‌ستی په‌رله‌ماندایه‌ سه‌باره‌ت به‌ بابه‌تی چاكسازیی ئیداری و دارایی له‌ هه‌رێمی كوردستان و چوونی شاندی په‌رله‌مانی كوردستان بۆ وڵاتی فه‌ره‌نسا".
هه‌روه‌ها باسى له‌ په‌یوه‌ندیی له‌ مێژینه‌ و دۆستانه‌ی نێوان هه‌ردوو گه‌لی فه‌ره‌نسا و خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان و ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه‌ حكومه‌تی فه‌ره‌نسا كرد كه‌ پێشكه‌شی هه‌رێمی كوردستانى كردووه‌ به‌تایبه‌تی له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش-دا.
له‌به‌رامبه‌ردا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ناوی په‌رله‌مان و سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانه‌وه‌ به‌خێرهاتنی كونسوڵی فه‌ره‌نسا و شاندی یاوه‌ریى كرد و له‌ رێگه‌ی كونسوڵی فه‌ره‌نساوه‌ سوپاس و پێزانینی په‌رله‌مان و گه‌لی كوردستانى به‌ گه‌لی فه‌ره‌نسا و حكومه‌تی فه‌ره‌نسا گه‌یاند بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوو و ئێستا و ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ به‌هێزه‌ی كه‌ هه‌یه‌ له‌نێوان هه‌ردوولا و رۆلی فه‌ره‌نساى له‌ به‌هاناوه‌ هاتنى گه‌لی كورد له‌ سه‌رده‌می ڕژێمی به‌عس و به‌مدواییه‌ش له‌ شه‌ڕی دژ به‌ داعش به‌رزنرخاند.
هه‌ر له‌دانیشتنه‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌گه‌شته‌كه‌ی شاندی په‌رله‌مان كرد بۆ وڵاتی فه‌ره‌نسا و دیدار و كۆبوونه‌وه‌كانیان له‌گه‌ڵ په‌رله‌مانتارانی فه‌ره‌نساو راوێژكاری سه‌رۆكی فه‌ره‌نسا بۆ رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و سینات و سه‌رۆكی كۆمیته‌ی دۆستایه‌تیی كوردستان و فه‌ره‌نسا و چه‌ندین كه‌سایه‌تیی دیاری فه‌ره‌نسا كرد و رایگه‌یاند: "له‌ هه‌موو دیداره‌كاندا باسمان له‌ بارودۆخی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌و پرسانه‌ی كه‌ له‌ناوچه‌كه‌ رووده‌ده‌ن كرد و جه‌ختمان له‌وه‌ كردۆته‌وه‌ كه‌ پێویسته‌ فه‌ره‌نسا رۆلی زیاتری هه‌بێت بۆ چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌كانى نێوان هه‌رێمى كوردستان و حكومه‌تی فیدرالیی عێراق و  داواكارییه‌كانی خه‌ڵكی كوردستان و مافی خه‌ڵكی كوردستان پارێزراو بیت و به‌هاوبه‌شی سه‌ره‌كی دابندرێت له‌ عێراق به‌پێى ده‌ستووری عێراق.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ی به‌هاوكارییه‌كان و هه‌ماهه‌نگییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و فه‌ره‌نسا و  ئه‌و په‌یوه‌ندییه‌ له‌ مێژینه‌یه‌ی كه‌ هه‌یه‌ كرد، هه‌روه‌ها داوای له‌ كونسوڵى فه‌ره‌نسا كرد هاوكاربن بۆ پرسى ئه‌و چه‌كداره‌ بیانیانه‌ى كه‌ له‌ناو داعش بوون و ئێستا ده‌ستبه‌سه‌ركراون له‌لایه‌ن حكومه‌تی عێراقه‌وه‌ بۆئه‌وه‌ى له‌ رێگه‌ی دادگای جینایه‌تی نێوده‌وڵه‌تی دادگایی بكرێن، چونكه‌ زۆركاری دوور له‌ به‌هاكانی مرۆڤایه‌تی و قێزه‌ونیان ئه‌نجامداوه‌، به‌تایبه‌تی ده‌ستدرێژیكردنه‌ سه‌ر ژنانی ئێزدی و ئه‌و زۆڵم و زۆردارییه‌ی به‌رامبه‌ر خه‌ڵك له‌ كوشتن و جینۆساید كردوویانه‌.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا سكرتێری په‌رله‌مان كورته‌یه‌ك له‌كاره‌كانی په‌رله‌مانى بۆ كونسوڵ باسكرد و گووتی: "له‌ ئێستادا په‌رله‌مانی كوردستان له‌ پشوودایه‌، به‌ڵام به‌رده‌وامین له‌ چاودێریكردن و به‌داواچوونى كاه‌ركانى حكومه‌ت و بۆ داهاتووش چه‌ندین پڕۆژه‌ی گرنگ هه‌یه‌ بخرێته‌ به‌رنامه‌ی كاری دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان، به‌تایبه‌تی پڕۆژه‌ یاسای چاكسازیی كارگێڕی و دارایی.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا كونسوڵی فه‌ره‌نسا به‌ناوی حكومه‌تی فه‌ره‌نساوه‌ ئاماده‌یی و هاوكاریی خۆیان راگه‌یاند له‌ به‌دادگاییكردنی نێوده‌وڵه‌تی بۆ ئه‌و داعشه‌ بیانیانه‌ی كه‌ماون و ده‌ستگیركراون.
شایه‌نی باسه‌ له‌و گه‌شته‌یاندا بۆ فه‌ره‌نسا، شاندی په‌رله‌مان چه‌ندین كه‌سایه‌تیی دیاری فه‌ره‌نساى وه‌ك په‌رله‌مانتار و سینات، بانگهێشتی هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ بۆئه‌وه‌ی له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداری بارودۆخی هه‌رێمی كوردستان بن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان