راگه‌یه‌ندراوێك له‌ لیژنەی كاروبارى پێشمەرگە سه‌باره‌ت به‌ هه‌ژمارنه‌كردنى ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان

08/06/2018 01:43:00 م
سه‌باره‌ت به‌ هه‌ژمارنه‌كردنی ده‌نگدانی تایبه‌ت له‌هه‌رێمی كوردستان، لیژنه‌ى كاروبارى پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان راگه‌یه‌ندراوێكی بڵاوكرده‌وه‌ كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
ڕاگەیەندراوێک لە لیژنەی كاروبارى پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانییانی جینۆسایدو زیندانیانی سیاسی له‌ په‌رله مانی کوردستان لەسەر ئەو بڕیاره‌ى ئه‌نجوومه‌نی نوێنەرانی عێراق به‌هه‌ژمارنه‌كردنی ده‌نگی ده‌نگده‌رانی تایبه‌ت له‌ هه‌رێمی كوردستان 
لەگەڵ ئەوەی ئێمە لەگەڵ گرتنەبەری هەر ڕێکارێکی یاسایین بۆ ڕەواندنەوه‌ى هەموو گومانێک لە سەر ئەنجامەکانی هەڵبژاردن، جا ئەم ڕێکارانە بەدووبارە هەژمارکردنەوەی دەستیی دەنگەکان بێت یان هەر ڕێگایەکی تر کە گونجاو بێت لەگەڵ یاسا بەرکارەکان . بەڵام لە هەمان کاتدا وەک لیژنەی كاروبارى پێشمەرگە و شەهیدان و قوربانییانی جینۆساید و زیندانییانی سیاسی نیگەرانیی خۆمان بەرامبەر ئەم هەڵوێستەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەردەبڕێن لە هەژمارنەکردنی دەنگی تایبەت لەهەرێمی کوردستان کە ئەمە بۆخۆی جێگای گومانە، ئەم هەڵوێستە لە کاتێکدایە کە بەداخەوە هەندێ لایەنی کوردستانی لە بەغدا ڕەزامەندو هاوڕابوون لەسەر سڕینەوەی دەنگی پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان، ئەو پێشمەرگانەی شکۆی داعشیان تێکشکاندو لەجیاتی هەموو دونیا شەڕی تیرۆریان کرد. شەرمەزارییە پەرلەمانێک خۆی بە نوێنەری گەلانی عێراق بزانێت و سەرەتاییترین ماف کە مافی دەنگدانە بەپێی دەستوور بۆ پێشمەرگە بەڕەوا نەبینێت .بەتایبەتی لە کاتێکدا دەنگی سوپای عێراق و حەشدی شەعبی و میلیشیاکانی عێراقی بە ڕاست و دروست هەژمارکراوەو دەنگی ڕەسەن و ڕاستەقینەی هێزێکی خەباتکەرو  قوربانیدەری وەک پێشمەرگە دەسڕێتەوە. ئەمەی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق دەرحەق بە پێشمەرگە و هێزە ئەمنییەکانی هەرێمی کوردستان کردی نەیاساییە و نە دەستوورییە بەڵکو سیاسییە .
بەتوندی ئەمە ڕەتدەکەینەوە و هەموو ڕێکارێکیش دەگرینەبەر بۆ پارێزگاریکردن لەمافی ڕەوای پێشمەرگە قارەمانەکانی کوردستان.
شیلان جه‌عفه‌ر شێخ عه‌لی
سەرۆکی لیژنەى كاروبارى پێشمەرگە له‌ په‌رله مانی کوردستان  
2018/6/8 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان