ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه رێكه‌وتی 3/7/2018، به‌ئاماده‌بوونی دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، كۆنفڕانسی هاوبه‌شی سه‌نته‌ری توێژینه‌وه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان و ئینیستیتیوتی رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست (مێری) له‌ژێر ناوونیشانی (ده‌وڵه‌تسازی- بۆ سه‌روه‌ركردنی یاسا‌و به‌دامه‌زراوه‌ییكردن له‌هه‌رێمی كوردستان) له هوتێل رۆتانا له‌شاری هه‌ولێر بهریَِوهچوو.
له‌كۆنفرانسه‌كه‌دا كه ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان و یه‌كێتیی په‌رله‌مانتاران و سه‌رۆكی ده‌سته‌ی ده‌ستپاكی و سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی شورای هه‌رێم و سه‌رۆكی داواكاری گشتی و سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و ژماره‌یه‌ك له‌په‌رله‌مانتارانی خوله‌كانی پێشووتری په‌رله‌مان و راوێژكارانی په‌رله‌مان ئاماده‌یبوون، له‌چوار پانێڵی جیاوازدا سه‌روه‌ركردنی یاسا‌و به‌دامه‌زراوه‌ییكردنی ده‌سه‌ڵاته‌كانی یاسادانان و دادوه‌ری و كێشه یاسایی و پهیكهرییهكانی ده‌سه‌ڵاته‌كان له‌هه‌رێمی كوردستان و چۆنیه‌تیی به‌رزكردنه‌وه‌ی كوالیتیی یاساكان و داڕشتنه‌وه‌یان و هه‌روه‌ها پێناسه‌كردنه‌وه‌ی ئه‌ندامێتیی په‌رله‌مان و گێڕانه‌وه‌ی هه‌یبه‌تی په‌رله‌مانتاری و كاراكردنی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان و وه‌به‌رهێنان له‌به‌هره‌و توانای پهرلهمانتارو دادوه‌ران و پێناسه‌كردنه‌وه‌ی په‌یوه‌ندیی ده‌سه‌ڵاته‌كان گفتوگۆیان له‌باره‌وه كرا.
له پانێڵێكدا دكتۆر جه‌عفه‌ر ئیبراهیم ئێمینكی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان ئه‌نجامدانی ئه‌وجۆره كۆنفڕانسانهی به گرنگ و پێویست زانی بۆ چاره‌سه‌ركردن و دۆزینه‌وه‌ی رێگاچاره له سه‌روه‌ربوونی یاسا و بهدامهزراوهییكردنیان و رایگه‌یاند: "ئه‌و هه‌رێمه‌ی ئێمه هه‌رێمێكی به‌هێزه و خه‌ڵكی ئێمه شانازیی پێوه ده‌كات، ئه‌و ئه‌زموونه‌ی هه‌مان بووه و به ده‌ستمان هێناوه كه‌س خێری به ئێمه نه‌كردووه و خۆمان و خه‌ڵكی ئێمه دروستی كردووه و ئه‌و خه‌ڵكه‌ی كه ده‌یه‌وێت میلله‌ت خاوه‌ن ئیراده‌بێت ده‌توانێت كاری نایاب ئه‌نجام بدات، به‌ڵام بوویته جیگه‌ی ئومێدی خه‌ڵكی ئێمه و دۆستانی ئێمه، به‌ڵام ئه‌و شێوازه حوكمڕانییه‌ی دروستمان كردووه ئایا بێ كه‌موكوڕییه؟ ، ئه‌مه پرسیاری ئێمه‌یه‌و ده‌بێت دانی پێدابنَیین و شێوازی حوكمڕانی چۆن له‌و هه‌رێمه‌ی ئێمه به سیسته‌مێكی سه‌رده‌میانه بكه‌ینه هه‌رێمیكی به‌هێز، له‌ئێستادا قۆناغه‌كان گۆڕاون و ده‌بێت سوود له ئه‌زموونی وڵاتانی ده‌ره‌وه وه‌رگرین بۆ به‌سیسته‌مكردنی دامه‌زراوه‌كان و سه‌روه‌ربوونی یاسا".
هه‌ر لهپانێڵهكهدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له رۆلی په‌رله‌مان كرد له سه‌روه‌ركردنى یاسا و به‌دامه‌زراوه‌ییكردنى سیسته‌می حوكمڕانی و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مان ده‌بێت یاسا ده‌ربكات و لێپرسینه‌وه بكات، ئه‌مه‌یه په‌رله‌مانێكی به‌هێز، په‌رله‌مانی كوردستان كاره‌كانی خۆی به‌باشی ده‌كات، به‌ڵام مه‌بده‌ئی لێپرسینه‌وه له ئێستادا كه له په‌یڕه‌وی ناوخۆى په‌رله‌ماندا ئاماژه‌ی پێكراوه رۆژێك دیاریكراوه بۆ لێپیرسینه‌وه و بۆ هه‌ماهه‌نگی و كارئاسانی و ده‌بیت ئالییه‌تێك هه‌بێت بۆ كۆبوونه‌وه‌ی حكومه‌ت و په‌رله‌مان و شێوازی لێپرسینه‌وه له‌ناو په‌رله‌مان په‌یڕه‌و بكرێت و گرفتی خوماڵی به‌چاره‌سه‌ری خوماڵی و دوور له میزاجی شه‌خشی و حزبی ده‌توانین چاره‌سه‌ری گونجاوى بۆ بدۆزینه‌وه، هه‌روه‌ها ده‌بێت ئه‌و كه‌موكوڕییانه دیاری بكه‌ین، ئێمه په‌یوه‌ندیی و هه‌ماهه‌نگیی باشمان هه‌یه له‌گه‌ڵ حكومه‌ت، پێویسته په‌رله‌مان یاسای باش ده‌ربكات و یاسای باش ئاماده بكات و یاسای باشیش ئاماده‌كاری و توێژینه‌وه‌ی باشی ده‌وێت، روئیای سیاسیی هاوبه‌ش زۆر گرنگه، سیته‌می ئێمه سیته‌می رێككه‌وتنی سیاسییه هه‌ر كاتێك له‌و رێككه‌وتنه سیاسییه درابێت په‌رله‌مان په‌كی كه‌وتووه و پرۆسه‌ی سیاسیش په‌كی كه‌وتووه، ئه‌و بروایه‌م هه‌یه بۆچوونی هاوبه‌ش زۆر گرنگه‌و ئه‌و پێشنیازه‌ى كه ده‌ڵێ با بۆ خولی داهاتوو ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی حزبه‌كان بچنه ناو په‌رله‌مان، پشتگریی ده‌كه‌ین و زۆر له شوێنی خۆیه‌تى، له رووی سیاسیشه‌وه بێ پشگیریی لێده‌كه‌ین، لای كه‌س شاراوه نییه ژماره‌یه‌كی زۆر له ئه‌ندامانی سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی حزبه‌كان له خولی یه‌كه‌می په‌رله‌مان بوون و كاهرهكان ئه‌و كاته باشتر به‌ڕێوه ده‌چوون، ئیستا وای ده‌بینم ده‌رفه‌ت هه‌یه كه بارودۆخی خۆمان باشتر بكه‌ین له جاران چونكه هه‌موومان باسی ئه‌وه ده‌كه‌ین ده‌بێت ههرێمیكى به‌هێزمان هه‌بێت و له رووی خۆشگوزه‌رانی له رووی خزمه‌تگوزاریشه‌وه زه‌مینه له‌باره".
هه‌ر له پانێڵه‌كه‌دا خاتوو بێگه‌رد تاڵه‌بانی، سكرتێری په‌رله‌مان، تیشكی خسته سه‌ر ئه‌رك و رۆلی په‌رله‌مان و خودی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان و لیژنه‌كانی په‌رله‌مان له‌چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و ده‌ركردنی یاسا‌و رایگه‌یاند: "ئاماده‌كردنی پڕۆژه یاسا پێویسته به‌هاوبه‌شی بێت له‌نیوان هه‌ر سێ ده‌سه‌ڵاته‌كه‌وه، په‌رله‌مان و حكومه‌ت و ئه‌نجوومه‌نی داده‌وه‌ری بۆئه‌وه‌ی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان هه‌ر به‌و كاره‌وه سه‌رقاڵ نه‌كرێن هه‌ر خه‌ریكی ئاماده‌كردنی پرۆژهبن، به‌ڵكو لیژنه‌كان كاریان ته‌نیا چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت بێت و هه‌ماهه‌نگییه‌كی باشیان هه‌بێت له‌گه‌ڵ دامه‌زراوه‌كانی حكومه‌ت بۆئه‌وه‌ی سه‌رجه‌م تێبینی و ڕاكان بێنه نێو هۆڵی په‌رله‌مان و گفتوگۆیان له‌سه‌ر بكرێت و ده‌بێت رۆلی زیاتر به لیژنه‌كان بدرێت، هه‌روه‌ها بۆ په‌رله‌مان گرنكه پێداچوونه‌وه‌یه‌كی باش به‌و یاسایانه بكات كه له‌ماوه‌ی ڕابردوودا ده‌رچوون په‌یوه‌ست به یاساییبوونی دامه‌زراوه‌كان و سه‌روه‌ربوونی یاسا و له ئێستاشدا په‌رله‌مانی كوردستان گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌مواری په‌یڕه‌وی ناوخۆی ده‌كات، ئه‌مه‌ش واده‌كات ده‌سه‌ڵاتی یاسادانان زیاتر و وردتر چاودێری و لێپرسینه‌وه و به‌دواداچوون بكات بۆ به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان".