لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندی كوردستانى چه‌ند پرسێكی گرنگی تایبه‌ت به‌كۆچبه‌ران تاووتوێ ده‌كات

10/07/2018 11:17:00 ص
به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردنى چه‌ند پرسێكی تایبه‌ت به‌ره‌وه‌ندی كوردی و كۆچبه‌ران، سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ 10/7/2018، لیژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و كاروبارى ره‌وه‌ندی كوردستانى له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیی زانا عه‌بدولڕه‌حمان، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگری سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌ كۆبۆوه‌.
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌ تێروته‌سه‌لى باس له‌ كێشه‌و گرفته‌كانى كۆچبه‌ران و ره‌وه‌ندی كوردی كرا، له‌وانه‌ مه‌سه‌له‌ی چاره‌سه‌ركردنی (ناوگۆڕین)ى ئه‌و كه‌سانه‌ى له‌ ده‌ره‌وه‌ى وڵات ده‌ژین كه‌ بۆیان بووه‌ته‌ گرفتێكی سه‌ره‌كی، هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا بریاردرا به‌ بانگهێشتكردنی به‌رێوه‌به‌رایه‌تيى كۆچ و كۆچبه‌رانی هه‌رێمى كوردستان به‌مه‌به‌ستى تاووتوێكردنی زیاتری كێشه‌و گرفته‌كان و وه‌رگرتنى دوایین داتا و زانیارى له‌سه‌ر كۆچبه‌ران.
به‌شێكی دیكه‌ی  كۆبوونه‌وه‌كه‌ تایبه‌ت بوو به‌ئاماده‌كردنی راپۆرتێكی ساڵانه‌ له‌سه‌ر كار و چالاكیيه‌كانى لێژنه‌ى په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندی كوردستانى له‌ ماوه‌ی ئه‌مساڵى كاركردنیاندا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان