لیژنه‌ی ته‌ندروستی به‌دواداچوون بۆ نه‌خۆشیی خوێنبه‌ربوون ده‌كات

10/07/2018 12:01:00 م
به‌مه‌به‌ستی له‌نزیكه‌وه‌ به‌دواداچوون و ئاگاداربوون له‌دوایین پێشهات و رێوشوێنه‌كان بۆ رێگریكردن له‌ بڵاوبوونه‌وه‌ى نه‌خۆشی خوێنبه‌ربوون، سه‌رله‌به‌یانیی ئه‌مڕۆ  سێشه‌ممه‌ 10/7/2018، لیژنه‌ی كاروبارى ته‌ندروستی و ژینگه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، به‌سه‌رپه‌رشتیی زولفا مه‌حمود، سه‌رۆكی لیژنه‌ و ئاماده‌بوونی جێگرى سه‌رۆكی لیژنه‌ و بڕیارده‌ر و ئه‌ندامانى لیژنه‌كه‌، له‌ هۆڵی لیژنه‌ له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ د.رێكه‌وت حه‌مه‌ ره‌شید، وه‌زیری ته‌ندروستیی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان  و د.سامان به‌رزنجی، به‌ڕێوبه‌ری ته‌ندروستیی هه‌ولێر كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا كه‌ له‌سه‌ر داوای لیژنه‌ی ته‌ندروستیی په‌رله‌مان بوو، وه‌زیری ته‌ندروستی پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌كار و چالاكییه‌كانی  وه‌زاره‌ته‌كه‌ى خسته‌ڕوو و باسی له‌و به‌ربه‌ستانه‌ كرد كه‌ بوونه‌ته‌ رێگر بۆ راپه‌ڕاندنی كاره‌كانیان به‌شێوه‌یه‌كی باستر و خێراتر، له‌وانه‌ نه‌بوونی بودجه‌یه‌كی پێویست له‌به‌رده‌ستدا كه‌ئه‌مه‌ش كاریگه‌ریی ڕاسته‌وخۆی كردۆته‌ سه‌ر كه‌میی پێداویستییه‌كانی ته‌ندروستی و ده‌رمان و ته‌واونه‌كردنی نه‌خۆشخانه‌ تازه‌كان.
به‌شێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌ ته‌رخان كرا بۆ  گفتوگۆكرد له‌سه‌ر نه‌خۆشیی خوێنبه‌ربوون كه‌ ترسی لای به‌شێك له‌ هاووڵاتییان دروست كردووه‌ و  له‌لایه‌ن ئاماده‌بووانه‌وه‌ جه‌خت له‌سه‌ر پێویستیی ڕێگرییه‌كان و بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاریی زیاتر سه‌باره‌ت به‌نخۆشییه‌كه‌ و داڕشتنی پلان و به‌رنامه‌ی گونجاو بۆ رێگریكردن له‌و نه‌خۆشییه‌ كرایه‌وه‌.
هه‌ر له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئه‌و نوسراو و داواكاری و سكاڵایانه‌ی كه‌ له‌لایه‌ن هاووڵاتییان و لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانه‌وه‌ ئاراسته‌ی لیژنه‌كه‌ و ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ كرابوون گفتوگۆیان له‌سه‌ركراو خرانه‌ به‌رده‌م وه‌زیری ته‌ندروستی و به‌ڕێوه‌به‌ری ته‌ندروستیی هه‌ولێر و ئه‌وانیش له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌  به‌ڵێنی به‌دواداچوون و چاره‌سه‌ركردنی ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌یاندا.
له‌ كۆتایی كۆبوونه‌وه‌كه‌شدا جه‌خت له‌سه‌ر به‌رده‌وامبوونی دیدار و كۆبوونه‌وه‌ی هاوشێوه‌ له‌لایه‌ن هه‌ردوولا كرایه‌وه‌ و به‌پێویست زاندرا هه‌ماهه‌نگیی زیاتر هه‌بێت بۆ به‌ره‌وپێشبردن و كه‌مكردنه‌وه‌ی كێشه‌و گرفته‌كانی كه‌رتی ته‌ندروستی كه‌ په‌یوه‌ندیداره‌ به‌كۆی گشتیی كۆمه‌ڵگه‌كه‌مان.

رۆژمێرى رووداوه‌كان