له‌ رێوڕه‌سمێكى شایسته‌دا رۆژى ئاڵاى كوردستان و رۆژی دایك به‌رز راگیرا و
پیشانگایه‌كی فۆتۆگرافیش كرایه‌وه‌

17/12/2018 06:27:00 م
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 17/12/2018، به‌ئاماده‌بوونى رێڤنگ محه‌مه‌د هرورى، به‌ته‌مه‌نترین ئه‌ندامی خولی هه‌ڵبژاردنی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان، وه‌ك سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان و سه‌رۆك و نوێنه‌ر و ژماره‌یه‌كی زۆر له‌ ئه‌ندامانى په‌رله‌مانی كوردستان له‌ فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كانی په‌رله‌مان و به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی دیوان ‌و كه‌سوكارى ژماره‌یه‌ك له‌ شه‌هیدانی كوردستان و ژماره‌یه‌ك له‌ راوێژكاران ‌و فه‌رمانبه‌ران ‌و كارمه‌ندانى په‌رله‌مان، بۆ به‌رزراگرتن ‌و رێزلێنان له‌ رۆژى ئاڵاى كوردستان و رۆژی دایك له‌ رێوڕه‌سمێكى شایسته‌دا له‌ گۆڕه‌پانى ته‌لارى په‌رله‌مانى كوردستان له‌گه‌ڵ ده‌نگى مارشى ئه‌ى ره‌قیب له‌لایه‌ن دایكی چوار شەهیدى شەڕى داعش و سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان ئاڵاى كوردستان به‌رزكرایه‌وه‌. 
 
 
 
له‌ وته‌یه‌كیشدا به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ رێڤنگ هرورى، سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان رایگەیاند: "هەڵکردنى ئاڵاى کوردستان لە کۆمارى کوردستان لەلایەن قازى محه‌مه‌د سەرۆک کۆمارى کوردستان رۆژێک بوو بۆئەوەى گەلى کوردیش بەنەتەوەکانى تر بناسێندرێت". ئاماژەی بەوەشکرد، "رەنگى ئاڵاى ئێمە دەربڕینى پێکهاتەى جیاجیاى گەلى ئێمەیە کە مێژوویەکى پڕ لە خوێنبەخشینى و جەرگ سووتانى دایکان هەیە بۆ پاراستنى خاک رۆلەکانیان بەخشى، بۆیە دایکانى ئێمە هۆکارى رووناکى بەخشن بۆ لێبووردەیی و پێکەوەژیان، هەر بۆیە پەرلەمانى کوردستان بەبڕیارى ٤٨ لە ١٩ى ٦ى ٢٠٠٤ رۆژى ١٧ى ١٢ى هەموو ساڵێکى دیاریکرد وەک رۆژى ئاڵاى کوردستان و دایکان". 
 
 
 
سه‌رۆكی یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان گووتیشی: "بەداخەوە ساڵى رابردوو ریفراندۆم کرا نەیارەکانمان دژایەتیى زۆریان کردین لەسەر دیاریکردنى مافى چارەى خۆنووسین، بەڵام لەسایەى خوێنى شەهیدان و پێشمەرگە تێكۆشانی گەلى ئێمە شکستى نەهێناو بەئیرادە وهێزەوە ماوینه‌ته‌وه‌". 
گووتیشی: "داوا دەکەین هه‌مووان بەیەکەوە وەک رەنگەکانى ئاڵاى کوردستان بەیەکڕیزى تەواوکەرى یەکتربین تاوەکو هێمایەکى جوان نیشان بدەین و بەیەکەوە کاربکەین بۆ دەستکەوتى زیاتر بۆ خەڵکى کوردستان و پشتیوان بین بۆ پێکهێنانى کابینەى نۆیەمى حکومەتى هەرێم و بەرنامەى چاکسازیى بنەڕەتى".
پێویسته‌ بوترێت له‌رۆژى 19-6-2004، په‌رله‌مانى كوردستان له‌دانیشتنى ژماره‌ى  43ى خولى گواسستنه‌وه‌ى خۆییدا بریارى ژماره‌ى 48ى ده‌ركرد و تیایدا به‌زۆرینه‌ى ده‌نگ بریاریدا كه‌ 17-12ى هه‌موو سالێك كه‌ رۆژى هه‌لكرنى ئاڵاى  كوردستانه‌ بكریته‌ رۆژى  دایك له‌كوردستان.
هه‌ر به‌وبۆنه‌یه‌وه‌ له‌ته‌لارى په‌رله‌مان پیشانگایه‌كی فۆتۆگرافیى مه‌حمود هه‌ولێری، وێنه‌گرى په‌رله‌مانی كوردستان كرایه‌وه‌ كه‌ وێنه‌كان یاده‌وه‌ریى رۆژی ئاڵای كوردستان بوو هى ساڵانی پێشوو كه‌ له‌په‌رله‌مان یادى كراوه‌ته‌وه‌. 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

<كانون الثاني 2019>
سأاثأخج
2930311234
567891011
12131415161718
19202122232425
2627282930311
2345678