سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ باڵیۆزی فلیپین له‌ عێراق كرد

21/02/2019 10:01:00 ص
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 21/2/2019، د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، له‌نووسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ جولیس تۆریس، باڵیۆزی فلیپین له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری كرد. 
له‌ دیدارێكدا جولیس تۆریس، باڵیۆزی فلیپین له‌ عێراق، پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆك و سكرتێری په‌رله‌مان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و خۆشحاڵیی خۆی به‌بوونی ئافره‌ت له‌و پۆسته‌ سیادییانه‌ له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: " به‌ خۆشحاڵییه‌وه‌ یه‌كه‌مجاره‌ سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كه‌م و ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز دروست بكه‌ین له‌ نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی فلیپین له‌ رووی بازرگانی و وه‌به‌رهێنان و دیپلۆماسییه‌وه‌، هه‌روه‌ها به‌هۆی ئابووریی هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ خه‌ڵكێكی زۆری فلیپین له‌ هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن و هه‌رێمی كوردستان به‌ره‌و بووژانه‌وه‌ی زیاتر هه‌نگاو ده‌نێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ له‌ داهاتوویه‌كی نزیكدا كونسوڵخانه‌ی فلیپین له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ینه‌وه‌".
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا باڵیۆزی فلیپین له‌ عێراق، رۆلی هه‌رێمی كوردستان و پێشمه‌رگه‌ی كوردستانى له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعش به‌رزنرخاند.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ د.ڤاڵا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی جولیس تۆریس، باڵیۆزی فلیپین له‌ عێراق و شاندی یاوه‌ری، رایگه‌یاند: "خوازیاری دروستبوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزین له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی فلیپین له‌چوارچێوه‌ی یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و هه‌روه‌ها بۆ لیژنه‌كانی په‌رله‌مانیش پێویستمان به‌ئاشنابوونی زیاتره‌ له‌ هه‌موو رووییه‌كه‌وه‌ له‌چوارچێوه‌ی كاری په‌رله‌مانیدا"، هیواشی خوست كه‌ به‌زوویی كونسوڵخانه‌ی فلیپین له‌ هه‌رێمی كوردستان بكرێته‌وه‌ بۆ به‌هێزبوونی په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌ردوولا و پێویستیی كونسوڵخانه‌كه‌ش بۆ بوونی ئه‌م ژماره‌ خه‌ڵكه‌ی ڤلیپین كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان كارده‌كه‌ن به‌ گرنگ زانی.
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌شد باڵیۆزی فلیپین دیاریی پیرۆزبایی پێشكه‌شی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>