ده‌ستپێكردنی چاكسازی له‌ناو په‌رله‌مان
كاروبارى ئیداری و دارایى ناو په‌رله‌مان رێكده‌خرێته‌وه‌

27/02/2019 06:11:00 م
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/2/27، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی منى نبى قادر، سكرتێری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان كۆبۆوه‌.
له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا باس له‌ پێكهێنانى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانى په‌رله‌مان و هه‌نگاوه‌كانى ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان بۆ ئه‌نجامدانی پرۆسه‌ی چاكسازیكردن و باشتر رێكخستنه‌وه‌ى كاروبارى ئیداریی په‌رله‌مان و چه‌سپاندنی شه‌فافییه‌تی زیاترى كارى په‌رله‌مان و نه‌هێشتنی به‌ هه‌ده‌ردانی سامانى گشتی كرا و له‌وباره‌یه‌وه‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان رایگه‌یاند: "پاش ئەوەی لە دانیشتنی رۆژی ١٨ی شوبات وەک دەستەی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان لەلایەن زۆرینەی پەرلەمانتارە بەڕێزەکانی کوردستان متمانەمان پێدرا، لەگەڵ بەڕێزان سەرۆک و سکرتێری پەرلەمانی کوردستان دەستمان بەگرتنەبەری ڕێوشوینی ئیداریی پێویست کرد بۆ شەفافییەتی زیاتری کاری پەرلەمان و هەرچی زیاتر باشتر ریکخستنەوەی کاروباری ئیداریی پەرلەمان و چەسپاندنی دادپەروەری و شەفافییەتی زیاتر و نەهیشتنی بەهەدەردانی سامانی گشتی و ریکخستنەوەی خەرجییەکان". 
گووتیشی: "وەک دەستەی سەرۆکایەتیی ئێستای پەرلەمان، لەخۆمانەوە دەستمان پێکردو ئەو کراوەییەی لەدەسەڵاتی سەرفی دارایی و هاوکارییەی کە دەستەی سەرۆکایەتی هەیبووە نەمانهێشتووە و لە رۆژانی رابردوو لەگەڵ سەرجەم راوێژکارەکان و بەڕێوەبەره‌کانی ناو پەرلەمان کۆبووینەتەوەو ئەم سیاسەت و شێوەی کارەمان بۆ روونکردوونەتەوەو رامانگەیاندووە بەرزکردنەوەی پلە بەمیزاج و نایاسایی بەتەواوەتی رەتدەکەینەوە، دیاردەی واستەو واستەکاری، بەهەدەردانی بودجەو میزاجییەت لە هاوکاری و ئیمتیازات بە تەواوەتی رەتدەکەینەوە". 
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان ئه‌وه‌شى راگه‌یاند: "لەکۆبوونەوەی رۆژی ٢٧ی٢ی٢٠١٩، لەگەڵ سەرجەم سەرۆک فراکسیۆنە بەرێزەکانی پەرلەمانی کوردستان پێمان راگەیاندن کەبەبێ هیچ جیاوازییەک بۆ کاری پەرلەمانتاری پرەنسیپی دادپەوروەری بەرامبەر سەرجەم پەرلەمانتارە بەرێزەکان دەگرینە بەر، پێمان راگەیاندن بەپێچەوانەی خولەکانی دیکە رێگه‌نادەین لەبودجەی گشتی هاوکاریی بێ بنەما بەبیانووی جۆراوجۆر  بۆ پەرلەمانتار خەرج بکرێت، رێگه‌نادەین لەسامانی گشتی بابەتی ئۆتۆمبێل کڕین رووبدات، لەبری ئەوە پێشنیارمان بۆ کردوون کە شەفافانە مانگانە بری %٢ی  مووچەکانیان بخرێتە سندوقیک و پەرلەمانی کوردستانیش بەهەمان بڕ هاوکاریی ئەو سندوقە بێت بۆ حاڵەتی تەندروستی و حاڵەتی لەناکاو و پێویستییان، ئەمەش بۆ بنبڕکردنی بەهەدەردان و بڕیاری میزاجییانە، بۆ کاروباری گواستنەوەو کاری رۆژانەی پەرلەمانتاران و هاتووچۆی شارو شارۆچکەکان و بەسەرکردنەوەی هاووڵاتییان، پێمان راگەیاندن کەچاوەڕێی ئەوە نەبن لە بودجەی پەرلەمان ئۆتۆمبێل دابین بکرێت، لەبری ئەوە چەند پیشنیارێکیان پێدراوە کە بەقیستی مانگانە لە مووچەکانیان بە زەمانەتی پەرلەمان ئۆتۆمبێل بۆ خۆیان دابین بکەن". 
له‌كۆتایی قسه‌كانیشیدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان گووتی: "شێوازی کاری ئێمە شەفافانە بەردەوامە بۆئەوەی پەرلەمانێکی بەهێز و کراوەمان هەبێت، پرس و راوێژ بە فراکسیۆنە بەڕێزەکان بۆ کاروباری پەرلەمان و ئیدارەدانی نەهجی ئێمەیە".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>