به‌رێوه‌به‌ری پڕۆژه‌ تایبه‌تییه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌ی ره‌وه‌ندی كلدانی له‌ ئه‌مریكا سه‌ردانی په‌رله‌مانى كوردستان ده‌كات

01/03/2019 02:20:00 م
ئه‌مڕۆ هه‌ینی 1/3/2019، د.ڤالا فه‌رید ابراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی  هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان و سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی كریستیان و ئه‌رمه‌ن، له‌نوسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی كرد له‌ د.عضید یوسف میری، به‌رێوه‌به‌ری پڕۆژه‌  تایبه‌تییه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌ی ره‌وه‌ندی كلدانی له‌ ئه‌مریكا و شاندی یاوه‌ری.
له‌ دیدارێكدا د.عضید یوسف میری، به‌ریَِوه‌به‌ری پڕۆژه‌ تایبه‌تییه‌كان له‌ دامه‌زراوه‌ی ره‌وه‌ندی كلدانی له‌ ئه‌مریكا، پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و پوخته‌یه‌ك له‌كاروباره‌كانی  دامه‌زراوه‌ی ره‌وه‌ندی كلدانیی له‌ ئه‌مریكا باسكرد.
هه‌رله‌دیداره‌كه‌دا د.عضید یوسف میری، سوپاس و پێزانینی خۆیانى ئاڕاسته‌ی خه‌ڵك و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند: "سه‌ره‌ڕای شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش و قه‌یرانی دارایی به‌وپه‌ڕی دڵگه‌رمییه‌وه‌ پێشوازیتان له‌ژماره‌یه‌كی زۆری په‌نابه‌ران كرد و هه‌رێمی كوردستان دوورگه‌یه‌كی ئارام له‌ په‌ناگه‌ و داڵده‌ی سه‌رجه‌م لێقه‌وماوان و په‌نابه‌ران به‌هه‌موو پێكهاته‌كانه‌وه‌، هیواشی خواست ئه‌م ئارامییه‌و پێكه‌وه‌ژیانه‌ كه‌ له‌هه‌رێمی كوردستان هه‌یه‌ ره‌نگبداته‌وه‌ بۆ ته‌واوی عێراق.
لای خۆشییه‌وه‌ د.ڤاڵا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای به‌خێرهێنانی د. عضید یوسف میری و شاندی یاوه‌ری، پوخته‌یه‌ك له‌ رێككاره‌ یاساییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان و پێكهاته‌ی په‌رله‌مان و فراكسیۆنه‌كان وپێدانی رۆل به‌ پێكهاته‌كان  له‌ دامه‌زراوه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌پێى یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان شیكرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان یاسای تایبه‌تی بۆ ماف و ئیمتیازاتی پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ركردووه‌ و هه‌موو لایه‌ك په‌یوه‌ستین به‌بێ جیاوازی به‌ پره‌نسیپی پێكه‌وه‌ژیان له‌ هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانیشمان به‌رده‌وامه‌ له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق بۆئه‌وه‌ی ئه‌م كاره‌ساتانه‌ی به‌سه‌ر پێكهاته‌كان هاتووه‌ له‌شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش ببرێته‌ دادگای نێوده‌وڵه‌تی بۆئه‌وه‌ی به‌ جینۆساید بناسرێت و قه‌ره‌بووی زیانلێكه‌وتووان بكرێته‌وه‌".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>