جێگرى دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌كات

03/03/2019 12:18:00 م
سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و جێگرى دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق جه‌خت له‌سه‌ر كارى هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق ده‌كه‌نه‌وه‌. 
ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌ممه‌ 3/3/2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، له‌نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی كرد له‌ د.به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، جێگرى دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و شاندی یاوه‌ری.
له‌ دیدارێكدا د.به‌شیر خه‌لیل حه‌داد، جێگرى دووه‌می سه‌رۆكی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، پیرۆزبایی له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان و جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و سكرتێری په‌رله‌مان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی یه‌هێز له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق به‌گشتی و په‌رله‌مانی كوردستان و نوێنه‌رانی كورد له‌ په‌رله‌مانی عێراق كرده‌وه‌.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا گفتوگۆ له‌سه‌ر هه‌ماهه‌نگیی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق و دروستكردنی لێژنه‌یه‌كی هاوبه‌ش له‌ نێوانیان كرا بۆئه‌وه‌ی ئاگاداری كاروباره‌كانی یه‌كتر بن، هه‌روه‌ها باس له‌ چۆنیه‌تیی هاوكاری و هه‌ماهه‌نگیی نێوان لێژنه‌كان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن له‌سه‌ر پرۆژه‌ یاساكان كرا. 
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان وێڕای به‌خێرهێنانی جێگرى دووه‌می سه‌رۆكی په‌رله‌مانی عێراق و شاندی یاوه‌رى، جه‌ختی له‌سه‌ر پێویستیی بوونی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كرده‌وه‌ و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان ده‌خوازیت په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزی له‌گه‌ڵ ئه‌نجوومه‌نی نیۆنه‌رانی عێراقدا هه‌بێت و كاری هاوبه‌ش و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌راندا هه‌بێت بۆ كاركردن له‌سه‌ر ئه‌و كێشه‌ و گرفتانه‌ی كه‌ له‌ نێوان هه‌رێم و به‌غدادا هه‌ن بۆئه‌وه‌ى له‌چوارچێوه‌ى ده‌ستوورى عێراقدا چاره‌سه‌ر بكرێن.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>