شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌ردانی محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود ده‌كات

17/03/2019 09:28:00 ص
دوای نیوه‌ڕۆی رۆژى شه‌مه‌ 2019/3/16، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ یاوه‌ریی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان له‌فراكسیۆنه‌ جیاوازه‌كان، سه‌ردانی تێكۆشه‌رو خه‌باتگێڕی گه‌له‌مان كاكه‌ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود-یان له‌ماله‌كه‌ی خۆی له‌ گوڵه‌خان كرد.
له‌ دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رۆڵ و كه‌سایه‌تیی خه‌باتگێڕ محه‌مه‌دی حاجی مه‌حمود-ى له‌ بزاڤی رزگاریخوازیی گه‌له‌كه‌مان و رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی له‌گه‌ڵ داگیركه‌رانی وڵاته‌كه‌مان و له‌دوایشدا له‌شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش  به‌رزنرخاند.
سه‌باره‌ت به‌رێكار و رێوشوێنه‌ یاساییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: "دوای ده‌ستبه‌كاربوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌ 18 شوبات و پاشان پێكهێنانی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان، رۆژی سێشه‌ممه‌ی داهاتوو ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌كان هه‌ڵده‌بژیردرێت و ئه‌و رێكارانه‌ی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان گرتوویه‌تییه‌ به‌ر له‌چوارچێوه‌ی رێكاره‌ یاساییه‌كان و به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستانه‌". 
له‌به‌شێكی دیكه‌ی دیداره‌كه‌دا هه‌ردوولا جه‌ختیان له‌سه‌ر یه‌كڕیزیی نێوان هێزه‌ سیاسییه‌كان كرده‌وه‌ و دووپاتیان كرده‌وه‌ كه‌پێویسته‌ به‌رژه‌وه‌ندییه‌ باڵاكان بخرێته‌ پێش ده‌ستكه‌وت و به‌رژه‌وه‌ندییه‌ حزبییه‌كان و هه‌موو لایه‌ك كاربكه‌ن بۆئه‌وه‌ی به‌یه‌كده‌نگی له‌گه‌ڵ به‌غدا گفتوگۆ بكرێت و چاره‌نووسی ناوچه‌ كوردستانییه‌كان یه‌كلایی بكرێته‌وه‌و بودجه‌و شایسته‌ داراییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان به‌ده‌ست بێنینه‌وه‌ و له‌هه‌رێمی كوردستانیش كار بكه‌ین بۆ پێكهێنانی حكومه‌تێكی به‌هێزی نیشتیمانی كه‌خزمه‌ت به‌ هاووڵاتییان بكات و ژیانی خه‌ڵك باشتر بكات و چاكسازیی ڕیشه‌یی له‌سه‌رجه‌م كایه‌كان ئه‌نجام بدات.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>