له‌ كۆنگره‌یه‌كی رۆژنامه‌وانیدا
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رێککەوتنی فراکسیۆنەکانی پەرلەمانی له‌سه‌ر هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان راگەیاند

19/03/2019 10:59:00 م
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان، رایگەیاند: "لایەنەکان بەپێی رێککەوتنی نێوانیان سەرۆك و جێگر و بڕیاردەریان بۆ هەر 15 لیژنە هەمیشەییەكه‌ى پەرلەمان هەڵبژارد". 
ئەمڕۆ 2019/3/19، بەسەرپەرشتیی هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان و ئامادەبوونی مونا قەهوەجی، سکرتێری پەرلەمان و نوێنەری لیژنەی كاروبارى یاساییی په‌رله‌مانى كوردستان، دەستەی سەرۆکایەتیی سەرجەم لیژنەکانی پەرلەمانی کوردستان هەڵبژێردران و لەلایەن ئەندامانی لیژنەکانەوە دەنگیان پێدرا.
هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەڕلەمانی كوردستان، دوابه‌دوای كۆبوونه‌وه‌ى ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ سه‌رۆك فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان بۆ هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان، لەكۆنفڕاسێكی ڕۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند: "لەدەستەی سەرۆكایەتیی پەڕلەمان و فراكسیۆنەكان توانرا یەكێك لەئەركە یاساییەكان جێبەجێ بكەین، ئەویش هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنە هەمیشەییەكان بوو، بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دوای هەڵبژاردنی سەرۆكایەتیی پەڕلەمان، پەڕلەمان ماوەی 25 ڕۆژی لەبەردەمدایە بۆئەوەی لیژنەكان دیاری بكات، لەسەر بنەمای بەركەوتەی هەڵبژاردن و بەڕێككەوتنی بەشی زۆری فراكسیۆنەكان سانتلیگۆی 1.4 بەكارهێنرا بۆ دابەشكردنی لیژنەكان".
ڕوونیشی كردەوە، تەنها پێوەرەكانمان دیاری كردووە بۆ فراكسیۆنەكان و فراكسیۆنەكان كۆبوونەتەوە بۆئەوەی گفتوگۆ بكەن لەسەر ئەو لیژنانەی دەیانەوێت، چونكە بەپێی پەیڕەوی ناوخۆ دەبوایە لەماوەی یەك هەفتە سەرۆكایەتیی لیژنەكان دیاری بكرێت، ئێوارەی 18ی ئاداری 2019 ڕێككەوتنێك كرا لەنێوان فراكسیۆنەكان بۆ هەر 15 لیژنە و سەرجەم لیژنەكان ئەمڕۆ سەرۆكایەتیی لیژنەكانیان دیاری كرد، بۆیە لەكاتی هەڵبژاردنی سەرۆك و جێگر و بڕیاردەری لیژنەكان لە 100%ی ڕێككەوتنەكەی فراكسیۆنەكان وەك خۆی جێبەجێ كرا و تەواوی فراكسیۆنەكان لەگەڵیدابوون، بۆیە لەمڕۆوە پەڕلەمانی كوردستان ئامادەیە بۆ چاودێریی حكومەت، كە پێكبهرێنت".
هه‌ر له‌ كۆنگره‌ رۆژنامه‌وانییه‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی، رایگه‌یاند: "له‌مرۆوه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ته‌واوه‌تی ئاماده‌یه‌ بۆ پرۆسه‌ی یاسادانان و بۆ پرۆسه‌ی چاودێریكردن".
 
 
 
 
ڕوونیشی كردەوە بۆ پەسەندكردنی پڕۆژەیاسای چاكسازی چاوەڕێی پێكهێنانی حكومەتی داهاتووی كوردستان دەكەین، چونكە پڕۆژەكە په‌یوەندیی بە لایەنی داراییەوە هەیە و یەكێك دەبێت لەو پڕۆژانەی كه‌ لەپێشینەی كارەكانی پەرلەمان دەبێت، چونكە هەر بابەتێك پرسی داراییی تێدابێت دەبێت لەلایەن حكومەتەوە بۆمان بێت".
سەبارەت بەھەمواری یاسای سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان و پرسی دەستووریش، هێمن هەورامی، گوتی: "بەپێی پەیڕەو مامەڵە لەگەڵ بابەتەکانی پڕۆژە یاساکان دەکەین و ھەندێک پڕۆژە یاساش پێشکەش کراوە، بەڵام دوای دیراسەی یاسایی ئەوا بەپێی ئەولەویەت پڕۆژەیاساکان ئاراستەی لیژنەی یاسایی پەرلەمان دەکرێت"، ئاماژه‌ی به‌وه‌شدا پرسی دەستوور پشتگوێ نەخراوە، بەڵام لیژنەی نوسینەوەی دەستوور پێویستیی بە رێککەوتن ھەیە، ئەمەش دوای ئەوەی سەرۆکایەتیی ھەرێم کارا دەکرێتەوە و حکومەت ھەڵدەبژێردرێت، بۆیە دەبێت ھەموو فراکسیۆنەکان بەشداربن لەبابەتی دەستوور.
ئه‌مڕۆ سێشه‌مه‌ 2019/3/19، سەرۆک و جێگر و بڕیاردەری لیژنە هه‌میشه‌ییه‌کانی پەرلەمانى كوردستان هەڵبژێردران.
 
دەقی کۆنگرەی رۆژنامەوانی جێگری سەرۆکی پەرلەمانی کوردستان  پاش تەواوبوونی هەڵبژاردنی دەستەی سەرۆکایەتی هەر ۱٥ لیژنە هەمیشەییەکەی پەرلەمان ۱۹ \ ۳ \ ۲٠۱۹
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>