شاندێكی په‌یمانگه‌ی دیپلۆماسیی و ئه‌كادیمیی ڤیه‌ننا سه‌ردانی په‌رله‌مان ده‌كات

25/03/2019 12:05:00 م
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/3/25، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان و مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی كرد له‌ شاندێكی په‌یمانگه‌ی دیپلۆماسیی و ئه‌كادیمیی ڤیه‌ننا، به‌سه‌رۆكایه‌تیی تۆماس رۆ، پرۆفیسۆرو سه‌رۆكی به‌شی مێژوو له‌ په‌یمانگه‌كه‌ و شاندی یاوه‌رى. 
له‌ دیدارێكدا كه‌ د.مسته‌فا گۆران، نوێنه‌رى حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌ نه‌مسا ئاماده‌یبوو، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ رۆل و ئه‌ركى په‌رله‌مان له‌ ده‌ركردنی یاساو چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و چۆنیه‌تیی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یاسا، چ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بێت یاخود له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ بێت باسكرد و رایگه‌یاند: "ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ و به‌چه‌ند رێكارێكی یاسایی  به‌پێی په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مان پێشكه‌شده‌كرێن و دواتر خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بۆ ده‌كرێت و ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرێن بۆ تاووتوێكردنی له‌گه‌ڵ لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت و به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی راوبۆچوونیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى و ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌سه‌رى، پاشان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و په‌سندكردنى".
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، باسى له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان حكومه‌تی هه‌رێم و حكومه‌تی ناوه‌ند كردو رایگه‌یاند: "له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئاستێكی زۆرباشدایه‌و  ده‌خوازین حكومه‌تی عێراق هه‌نگاوه‌كانیان بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور خێراتر بكه‌ن، له‌نێویشیاندا ماده‌ی 140ى ده‌ستوور كه‌تایبه‌ت به‌ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و له‌ئاساییكردنه‌وه‌ و سه‌رژمێرى و ئه‌نجامدانی راپرسی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی ترى نێوان هه‌ردوولا به‌جۆرێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو گه‌لانی عێراقدا بێت".
پاشان هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له‌ بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و ناوچه‌كه‌ و هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و كارو چالاكییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستانى له‌ رووى هه‌ڵبژاردنی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و دروستكردن و پێكهێنانی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان كرد.
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ سه‌رۆك و جێگر و سكرتێری په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، خۆشحاڵی خۆیان به‌سه‌ردانیكردنی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و مه‌به‌ستی سه‌ردانه‌كه‌شیان بۆ هه‌رێم و په‌رله‌مانی كوردستان روونكرده‌وه‌ كه‌ بۆ له‌نزیكه‌وه‌ ئاگاداربوونه‌ له‌ ره‌وشی هه‌رێمی كوردستان.
هه‌روه‌ها خۆشحاڵی خۆیان به‌و سه‌قامگیرى و ئارامی و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی هه‌رێمی كوردستان ده‌ربڕی و رۆلی هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستانیشیان له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ى تیرۆریستانی داعش ده‌ربڕی و ستایشى هه‌رێمی كوردستانیان كرد بۆ له‌ باوه‌شگرتنی ئه‌و ژماره‌ زۆره‌ى ئاواره‌كان كه‌ له‌ناوچه‌كانی دیكه‌ى عێراقه‌وه‌ روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردبوو.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>