سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ مامۆستایان و قوتابییانی زانكۆی ئه‌مریكی له‌شاری دهۆك كرد

28/03/2019 12:43:00 م
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/3/28، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ ژماره‌یه‌ك له‌ مامۆستایان و قوتابییانی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ شاری دهۆك كرد.
له‌ دیدارێكدا د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پوخته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ رۆل و ئه‌ركى په‌رله‌مان به‌پێی یاسای ژماره‌ (1)، یاسای هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی كوردستان كه‌ له‌ ساڵی 1992 ده‌رچووه‌ و هه‌روه‌ها به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كه‌ رۆل و ئه‌رك و رێكاره‌ یاساییه‌كانی ناو په‌رله‌مانی دیاریكردووه‌ له‌ ده‌ركردنی یاساو چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و چۆنیه‌تیی پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یاسا، چ له‌لایه‌ن حكومه‌ته‌وه‌ بێت یاخود له‌لایه‌ن ژماره‌ی یاسایی ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه‌ بێت.
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "ئه‌و یاسایانه‌ی كه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ و به‌چه‌ند رێكارێكی یاسایی  به‌پێی په‌یڕه‌وى ناوخۆی په‌رله‌مان پێشكه‌شده‌كرێن و دواتر خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌میان بۆ ده‌كرێت و ئاراسته‌ی لیژنه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كان ده‌كرێن بۆ تاووتوێكردنی له‌گه‌ڵ لایه‌ن په‌یوه‌ندیداره‌كانی حكومه‌ت و به‌مه‌به‌ستی وه‌رگرتنی راوبۆچوونیان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ یاساكه‌ به‌مه‌به‌ستی ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاترى و ئاماده‌كردنی راپۆرت له‌سه‌رى، پاشان له‌لایه‌ن ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ده‌خرێته‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی گفتوگۆكردن و په‌سندكردنى".
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا-ش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "له‌ یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان، كه‌ تیایدا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا جه‌ختمان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كردۆته‌وه‌ و له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئاستێكی زۆرباشدایه‌و  ده‌خوازین حكومه‌تی عێراق هه‌نگاوه‌كانیان بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور خێراتر بكه‌ن، له‌نێویشیاندا ماده‌ی 140ى ده‌ستوور كه‌تایبه‌ته به‌ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و له‌ئاساییكردنه‌وه‌ و سه‌رژمێرى و ئه‌نجامدانی راپرسی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌ردوولا به‌جۆرێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو گه‌لانی عێراقدا بێت".
له‌لایه‌ن خۆشیانه‌وه‌ مامۆستایان و قوتابییانی زانكۆی ئه‌مریكی له‌ شاری دهۆك، وێڕای پیرۆزباییكردنیان له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی، سوپاسى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیان كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌ گه‌رمه‌ و روونكردنه‌وه‌كانی سه‌باره‌ت به‌ رۆل و ئه‌رك و كاره‌كانی په‌رله‌مان له‌ رووی یاسایی و چاودێریكردنه‌وه‌.
له‌ كۆتاییشدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان لۆگۆى په‌رله‌مانی كوردستانى وه‌ك دیارییه‌ك به‌ مامۆستایان و قوتابییانى زانكۆكه‌ به‌خشی و ئه‌وانیش نووسراوێكییان سه‌باره‌ت به‌ مێژووى كوردو كوردستان و هه‌وڵه‌كانی بۆ گه‌یشتن به‌ مافه‌ ره‌واكانی پێشكه‌ش به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان كرد.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>