جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان كۆبۆوه‌

28/03/2019 01:32:00 م
پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/3/28، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ئاماده‌بوونی مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ سه‌رۆك و جێگرو بڕیارده‌ری سه‌رجه‌م لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان كۆبۆوه‌. 
له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، تێڕوانینی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی سه‌باره‌ت به‌شێوازی كاركردنی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو له‌كاتی گفتوگۆكردنی ئه‌و پڕۆژه‌یاسایانه‌ی كه‌ئاراسته‌ی لیژنه‌كانیان ده‌كرێن بۆئه‌وه‌ی زۆر به‌وردى تاووتوێیان بكه‌ن و له‌گه‌ڵ لایه‌نه‌ په‌یوه‌ندیداره‌كانى حكومه‌ت و كه‌سانی شاره‌زا له‌بواره‌كه‌دا هه‌ماهه‌نگیی ته‌واویان هه‌بێت بۆ ده‌وڵه‌مه‌ندكردنی زیاتری پڕۆژه‌یاساكه‌ و هه‌روه‌ها ماده‌و بڕگه‌كانی پڕۆژه‌یاساكه‌ به‌شێوه‌یه‌كی یاسایی و دیموكراسییانه‌ و به‌ده‌نگدانی ئه‌ندامانی لیژنه‌كه‌ یه‌كلایی بكرێنه‌وه‌.
 
 
 
هه‌روه‌ها به‌رچاوڕوونیی دایه‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان بۆ چۆنیه‌تیی  چاودێری و به‌دواداچوون بۆ كاره‌كانی حكومه‌ت به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و به‌دواچوون بۆ كێشه‌و داواكارییه‌كانی هاووڵاتییان، هه‌روه‌ها پێی راگه‌یاندن لیژنه‌كان هه‌وڵبده‌ن به‌رنامه‌ی كارى تایبه‌ت به‌كۆبوونه‌وه‌كانی خۆیان هه‌بێت و به‌یه‌ك تیمی كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن. 
جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مانى راگه‌یاند كه‌ گرنگیى زیاتر به‌پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانیان له‌گه‌ڵ ئه‌ندامانی كورد له‌ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان بده‌ن له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق بۆ ئاگاداربوون له‌و بابه‌ت و پڕۆژاانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ هه‌رێمی كوردستانه‌وه‌ هه‌یه‌.
له‌به‌رامبه‌ردا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان، خۆشحاڵیی خۆیان به‌وجۆره‌ كۆبوونه‌وانه‌ ده‌ربڕی و ستایشی هه‌وڵه‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانیان كرد بۆ گرنگیدانیان به‌كارى لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كان و پێشنیازه‌كانیان و جه‌ختییان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ كرده‌وه‌ كه‌ هه‌موو هه‌وڵێكیان ده‌خه‌نه‌ گه‌ڕ بۆ ئه‌وه‌ى به‌باشترین شێوه‌و به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان كاره‌كانیان ئه‌نجام بده‌ن و گرنگیی زیاتر به‌و پرٍِۆژه‌یاسایانه‌ بده‌ن كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی گشیدایه‌. 
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>