هێمن هه‌ورامی پێشوازیی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رو مامۆستایانى دواناوه‌ندیی هه‌ولێری تێكه‌ڵاو ده‌كات

28/03/2019 02:15:00 م
له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ به‌ڕێوه‌به‌رو مامۆستایانى دواناوه‌ندیی هه‌ولێری تێكه‌ڵاو، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان رۆلی مامۆستایانی كوردستانى له‌ قۆناغه‌ جیاجیاكانی بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان به‌رزنرخاند. 
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 2019/3/28، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ به‌ڕێوه‌به‌رو مامۆستایانى دواناوه‌ندیی هه‌ولێری تێكه‌ڵاو كرد.
له‌ دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رۆلی مامۆستایانی كوردستانی له‌ بزووتنه‌وه‌ى رزگاریخوازی گه‌له‌كه‌مان و پێگه‌یاندنی رۆڵه‌كانی كورد له‌ خوێندنگه‌كان به‌رزنرخاند و ستایشی خۆڕاگریی مامۆستایانی كوردستانی كرد كه‌ سه‌ره‌ڕای بوونی قه‌یرانه‌كان نه‌یانهێشت پرۆسه‌ی خوێندن بوه‌ستێت، كه‌ ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی دڵسۆزی و نیشتیمانپه‌روه‌ریی مامۆستایانه‌ بۆ نیشتیمانه‌كه‌یان.
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ ئه‌رك و رۆلی په‌رله‌مان له‌ چاودێریكردنی كاره‌كانی حكومه‌ت و ده‌ركردنی یاساو به‌دواداچوونی كێشه‌كانی هاووڵاتییان به‌سه‌رجه‌م چین و توێژه‌كانیانه‌وه‌.
سه‌باره‌ت به‌پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندنیش، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، رایگه‌یاند: "كه‌ له‌ په‌رله‌مانی كوردستان لیژنه‌یه‌كی تایبه‌ت به‌ په‌روه‌رده‌و خوێندنی باڵا هه‌یه‌ كه‌ به‌دواداچوون بۆ كێشه‌و گرفته‌كانی پرۆسه‌ی خوێندن و په‌روه‌رده‌ و پێشخستنی ده‌كات له‌ رێگه‌ی یاسا به‌ركاره‌كان و هه‌مواركردنه‌وه‌یان و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌یاساى تر كه‌ خزمه‌تی زیاتر به‌ پرۆسه‌كه‌ و ره‌وشی مامۆستایان بكات"، داوای له‌ مامۆستایانیش كرد وه‌ك هه‌میشه‌ له‌ هه‌وڵه‌كانیان به‌رده‌وام بن بۆ پێگه‌یاندنی قوتابیان و له‌ پرۆسه‌ی فێربوون و خوێندندا گرنگیی زیاتر به‌زمانه‌ پێشكه‌وتووه‌كانی تری جیهان بده‌ن. 
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان پیرۆزبایی خۆیان ئاراسته‌ی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی و جه‌ختیان له‌سه‌ر پێویستیی گرنگیدانی زیاتر به‌ پرۆسه‌ی په‌روه‌رده‌ و خوێندن له‌ ناوه‌نده‌كانی خوێندن و ره‌وشی مامۆستایان كرده‌وه‌ و له‌كۆتاییشدا لۆگۆى قوتابخانه‌كه‌یان وه‌ك دیارییه‌ك به‌خشییه‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان. 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>