جێگری سەرۆکی پەرلەمان لەگەڵ بەرپرسی ئۆفیسی یونامی کۆبووەوە

01/04/2019 03:02:00 م
ئه‌مڕۆ دووشه‌مه‌ ١ی نیسانی ٢٠١٩، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆکی پەرلەمانى كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، لەگەڵ ریکاردۆ رۆدریگێز، سەرۆکی ئۆفیسی یونامی لە هەولێر و سی یۆنگ کیم-ى یاوەری کۆبووەوە و زانیاریی نوێی دەربارەی کاری یاسایی پەرلەمانی کوردستان و پرۆسەی پێکهێنانی حکومەت پێدا. 
لەم دیدارەدا هەورامی، كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی په‌رله‌مان خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: "پەرلەمان بەمزوانە خوێندنەوەی دووەم بۆ پڕۆژەیاسای کاراکردنەوەی دەسەڵاتەکانی سەرۆکی هەرێم دەکات کە بەشێوەی کاتی دابەشکراون، کاتێک سەرۆکی پێشوو مەسعود بارزانی دەستی لەکار کێشایەوە".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند: "بۆ ١٠٠ رۆژی سەرەتای کاری پەرلەمان  لە ١ی ئاداره‌وه‌ چەندین پڕۆژەیاسا لە بەرنامەی کاری پەرلەماندان، لەوانه‌ پڕۆژه‌یاسای چاکسازییه‌ و دوای ئەوە پەرلەمان و لایەنەکانی تر لەسەر دەستووری داهاتووی کوردستان گفتوگۆ دەکەن".
جێگری سەرۆکی پەرلەمان ڕوونیکردەوە کە لە خولەکانی پێشووی پەرلەمان لیژنەیەکی دەستووریی پەرلەمان مادەکانی دەستووریان نووسیوەتەوەو زۆربەی پەرلەمانتاران دەیانەوێ درێژە بەم پرۆسەیە بدەن یان سەرلەنوێ دایبڕێژنەوە.
هه‌روه‌ها باسی ئەوەی کرد كه‌ گەشەپێدانی پەیوەندییە گشتییەکان و دیجیتالیزه‌کردنی کاروباری پەرلەمان لە کارە لەپێشینەکانی پەرلەمانە بۆ ئەو خولە و گەشبینی خۆشى دەربڕی کە کابینەی نوێی حکومەت بەمزوانە پێکدێت. 
له‌لایه‌ن خۆیه‌وه‌ ڕۆدرێگیز، رایگه‌یاند: "سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان و نوێنەری تایبەتی ئەو لە عێراق بەهێزەوە هانی هەموو لایەک دەدەن لە زووترین کاتی گونجاودا حکومەت پێکبێنن و کار لەسەر یەکخستنی هێزی پێشمەرگە بکرێت، وەکو هێزی چەکداری ڕەسمیی کوردستان". 
ئەو ئەوەشی باسکرد کە بەمزوانە یونامی ڕاپۆرتێک  لەسەر بارودۆخی سیاسیی هەرێمی کوردستان ئاراستەی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان دەکات. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>