جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ شاندێكی باڵای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر كۆبووه‌وه

02/04/2019 01:00:00 م
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2/4/2019 هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی له‌ شاندێكی باڵای به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.سامان به‌رزنجی،  به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێرو سه‌رجه‌م به‌ڕێوه‌به‌رانى به‌شه‌كانی سنووری به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ كرد. 
له‌دیداریكدا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی میوان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، ئاماژه‌ به‌گرنگی كه‌رتى ته‌ندروستى كرد له‌ ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی كوردستان و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان به‌گرنگییه‌وه‌ ده‌ڕوانێته‌ كه‌رتی ته‌ندروستی، چونكه‌ بوونی ته‌ندروستییه‌كى باش و ژینگه‌یه‌كی پاك بۆ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان خواستی ئێمه‌یه‌ وه‌كو په‌رله‌مانی كوردستان و به‌نیازین له‌ رێگه‌ی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندی په‌رله‌مانه‌وه‌  كار بۆ به‌هێزبوون و دروستكردنی سیسته‌مێكی باش و پێشكه‌وتووی ته‌ندروستی بكه‌ین به‌سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی وڵاتانی پێشكه‌وتوو بۆ باشترخزمه‌تكردنی هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان".
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، ئاماژه‌ی به‌كوالیتیی ده‌رمان و شێوازی هاورده‌كردنی بۆ هه‌رێمی كوردستان كردو رایگه‌یاند: "به‌هه‌ماهه‌نگیی لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندی په‌رله‌مانی كوردستان و حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان چاودێری و به‌دواداچوون بۆ پرۆسه‌ی هاورده‌كردنی هه‌موو جۆره‌ ده‌رمانێك ده‌كه‌ین و رێگه‌ ناده‌ین ده‌رمانی خراپ هاورده‌ی هه‌رێمی كوردستان بكرێت كه‌ زه‌ره‌ر به‌ هاووڵاتییانی هه‌رێمی كوردستان بگه‌یه‌نێت".
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ شاندى میوان وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی، سوپاسی جێًگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان كرد بۆ ئه‌و روونكردنه‌وانه‌ى و به‌ڵێنیان دا كه‌له‌سه‌ر ئه‌ركه‌كانیان بۆ خزمه‌تكردن به‌ كه‌رتی ته‌ندروستی و هاووڵاتییان به‌رده‌وام ده‌بن.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>