سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی باڵای به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر ده‌كات

02/04/2019 02:05:00 م
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 2ى نیسانی 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ د.سامان به‌رزنجی، به‌ڕێوه‌به‌ری گشتیی ته‌ندروستیی هه‌ولێر و شاندی یاوه‌رى كه‌ پێكهاتبوو له‌ دكتور و به‌ڕێوه‌به‌ری به‌شه‌كانى سه‌ر به‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌. 
له‌ دیدارێكدا د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم،  سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، دوای به‌خێرهێنانی شاندی میوان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له‌ گرنگیی كه‌رتی ته‌ندروستی و ئه‌و خزمه‌ته‌ مرۆڤایه‌تییه‌ی كه‌ ئه‌و كه‌رته‌ پێشكه‌ش به‌ هاووڵاتییانی ده‌كات كرد و رایگه‌یاند: "سێكته‌ری ته‌ندروستی و هه‌موو ئه‌و سێكته‌رانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ستن به‌ژیانی رۆژانه‌ی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌لای په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ گرنگن، به‌تایبه‌تی سێكته‌ری ته‌ندروستی كه‌ ته‌ماسی راسته‌وخۆی هه‌یه‌ له‌گه‌ڵ هاووڵاتییان و په‌رله‌مانی كوردستانیش لیژنه‌ی تایبه‌تمه‌ندی خۆی هه‌یه‌ بۆ هه‌ر به‌دواداچوونێك و پێشكه‌شكردنی پڕۆژه‌، یاخود ڕاپۆرتی لیژنه‌كان كه‌پێشكه‌شی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان بكرێت له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مانی كوردستان ئامانج تێیدا ره‌زامه‌ندیی خه‌ڵك و به‌رژه‌وه‌ندیی خه‌ڵكی كوردستان بێت درێغی ناكات"، جه‌ختیشی له‌وه‌ كرده‌وه‌ په‌رله‌مانی كوردستان به‌ هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم له‌ پرۆسه‌ی چاكسازییدا له‌ كه‌رتى ته‌ندروستی و سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كانی تردا، هه‌وڵی جدى ده‌دات بۆ باشتر رێكخستنه‌وه‌یان به‌جۆرێك كه‌ خزمه‌تی زیاترى خه‌ڵكی كوردستان بكات.
لای خۆیانه‌وه‌ شاندی میوان وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی، كورته‌یه‌كیان سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌یان و ئه‌و خزمه‌تگوزارییانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی هاووڵاتییانى ده‌كه‌ن باسكرد.
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>