جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ مامۆستایان و قوتابیانی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆى نه‌ورۆز له‌ دهۆك ده‌كات

03/04/2019 01:06:00 م
ه‌مڕۆ چوارشه‌ممه‌ 3/4/2019، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ ژماره‌یه‌ك له‌مامۆستایان و قوتابیانی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆى نه‌ورۆز له‌ دهۆك. 
له‌دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان، وێڕای به‌خێرهێنانی شاندی مامۆستایان و قوتابیان، پوخته‌یه‌كى سه‌باره‌ت به‌ دۆخى په‌رله‌مان و به‌رنامه‌ و پلان و كارى په‌رله‌مان خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: "په‌رله‌مانی كوردستان پێكهاته‌یه‌كه‌ له‌هه‌موو چین و توێژو ئاین و ئاینزایه‌ك و موڵكی سه‌رجه‌م خه‌ڵكی كوردستانه‌ و لای ئێمه‌ سه‌قامگیریی په‌رله‌مان گرنگه‌ و به‌هه‌ماهه‌نگی له‌گه‌ڵ لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان له‌ خزمه‌تكردنی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستان به‌رده‌وام ده‌بین له‌ چاودێریكردن و به‌دواداچوون و ده‌ركردنی ئه‌و یاساییانه‌ی كه‌ په‌یوه‌ندییان به‌ ژیان و گوزه‌رانی خه‌ڵكه‌وه‌ هه‌یه‌ و هه‌وڵ بۆ چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كان و دانانی ده‌ستوورێكی هه‌میشه‌یی بۆ خه‌ڵكی كوردستان ده‌دات".
له‌لایه‌ن خۆیانه‌وه‌ مامۆستایان و قوتابیانی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆى نه‌ورۆز له‌ دهۆك، وێڕای پیرۆزباییكردنیان له‌ جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی، سوپاسی جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانیان كرد بۆ ئه‌و پێشوازییه‌و روونكردنه‌وانه‌ى سه‌باره‌ت به‌ دۆخى په‌رله‌مان و به‌رنامه‌ و پلان و كارى په‌رله‌مان، هه‌روه‌ها چه‌ندین پرسیاریشیان سه‌باره‌ت به‌كار و ئه‌ركى په‌رله‌مان له‌ رووى یاسایی و ده‌ستوورییه‌وه‌ ئاراسته‌ی جێًگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان كرد و ئه‌ویش وه‌ڵامی سه‌رجه‌م پرسیاره‌كانی دانه‌وه‌.
له‌ كۆتایی دیداره‌كه‌شدا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان دیاریى په‌رله‌مانی به‌ مامۆستایان و قوتابیانی به‌شی په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆى نه‌ورۆز له‌ دهۆك به‌خشى.
 
 
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>