سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ باڵیۆزی ئه‌رمینیا له‌ عێراق كۆبووه‌وه‌

04/04/2019 07:03:00 م
ده‌سته‌ی سەرۆکایەتیی پەرلەمان، به‌ئاماده‌بوونی فاهیک کەمال سێرانیان، پەرلەمانتاری ئەرمەنی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، پێشوازییان لە باڵێۆزی ئه‌رمینیا له‌ عێراق، هراچیا پۆلادیان، کرد کە بەمەبەستی بیناکردنی کڵێسەیەکی نوێ لە عەنکاوە سەردانی کوردستانی کردووە.
ئه‌مڕۆ پێنجشه‌مه‌ 4ى نیسانی 2019، سەرۆکی پەرلەمان د.ڤالا فەرید ئیبراهیم و جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان، هێمن هه‌ورامی و سکرتێری پەرلەمان مونا قه‌هوەچی، له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان پێشوازییان له‌ هراچیا پۆلادیان، باڵێۆزی ئه‌رمینیا له‌ عێراق، كردو له‌ دیدارێكدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای ده‌ستخۆشیكردن لێی بۆ ئه‌نجامدانی ئه‌و كاره‌ى، باسى له‌ په‌یوه‌ندیی نێوان كوردو ئه‌رمه‌نییه‌كان كردو رایگه‌یاند: "ئەرمەنییەکان و کورد مێژووییەکی هاوبەشی پڕ ئازاریان هەیە، هەر بۆیە خەڵکی کوردستان هاوخەمییەکی زۆریان بۆ ئەرمەنییەکان هەیە". 
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا د.ڤالا فەرید، كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ په‌رله‌مان و پێكهاته‌كه‌ى باسكردو رایگه‌یاند: " ١١ کورسی لە كۆی١١١ کورسیی په‌رله‌مان بۆ کەمە نەتەوەو کەمە ئاینییەکان تەرخان کراوە، لەم ژمارەیەش یەک کورسی بۆ ئەرمەنییەکانە و لە دواین هەڵبژاردنیشدا، سێرانیان ئەم کورسییەی بردەوە".
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌، باڵێۆزی ئەرمینیا له‌ عێراق، ستایشی هەرێمی کورستانى کرد بۆ ئەو پشتیوانیکردنه‌ی بۆ دروستکردنی کڵێسای مەسیحییەکان و داڵدەدانی ئاوارەو پەنابەرانی شەڕی دژی داعش لە عێراق و سوریا.
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا هێمن هەورامی،  جێگری سەرۆکی پەرلەمان و باڵێۆز پۆلادیان، هیوای ئەوەیان خواست پەرلەمانى ئەرمینیاو پەرلەمانی کوردستان پێکەوە کار بکەن بەمەبەستی پتەوکردنی بنەماکانی دۆستایەتی و له‌وباره‌یه‌وه‌ باڵیۆز گووتی: "ئەرمەنییەکان پێیان خۆشە پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕکردنی ستافی ئەکادیمی و قوتابی دابمەزرێنن و هەروەها بەرنامەکانی تەلەڤزیۆن و ڕادیۆی ئەرمینیا لە کوردستان بێتە وەشاندن"، ئەو گووتی: "ئەرمینیا لە پلانیدایە كونسوڵخانەی خۆی لەهەولێر تا سەرەتای ساڵی داهاتوو بکاتەوە".   
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا مونا قه‌هوەچی، سکرتێری پەرلەمان، رایگه‌یاند: "مافی تورکمان و مەسیحییەکانی کوردستان لەیاساکانی هەرێمی کوردستاندا پارێزراوه‌ و هیوای ئەوەی خواست ئەم مافانە لە دەستووری داهاتووی کوردستاندا بەهێزتر بکرێن".
 
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>