سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی دەزگای کۆنراد ئەدێناوەر شتیفتۆنگ له‌پارتی كریستیانی دیموكراسیی ئه‌ڵمانیا ده‌كات

06/04/2019 03:10:00 م
له‌دیدارێكدا له‌گه‌ڵ شاندێكی  دەزگای کۆنراد ئەدێناوەر شتیفتۆنگ، له‌پارتی كریستیانی دیموكراسیی ئه‌ڵمانیا، جه‌خت له‌ پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی ئه‌ڵمانیا كرایه‌وه‌. 
پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ شه‌ممه‌ 6ى نیسانی 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی مونا نه‌بی قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان پێشوازیی كرد له‌شاندێكی  دەزگای کۆنراد ئەدێناوەر شتیفتۆنگ، له‌پارتی كریستیانی دیموكراسیی ئه‌ڵمانیا، به‌سه‌رۆكایه‌تیی گریكۆریاكی، سه‌رۆكی مه‌كته‌بی به‌یروت بۆ چاودێریكردن له‌بارودۆخی سوریا و عێراق و رۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست.
له‌ دیدارێكدا د.ڤالا فه‌رید، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهینانی شاندی میوان، باسی له‌ بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان و په‌یوه‌ندیی له‌ مێژینه‌ی نێوان حكومه‌تى هه‌رێم و گه‌لى كورد و حكومه‌ت و گه‌لی ئه‌ڵمانیا كردو رایگه‌یاند: "سوپاسی گه‌ل و حكومه‌تی ئه‌لمَانیا ده‌كه‌ین بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی رابردوو و له‌ئێستاشدا به‌رده‌وامه‌ بۆ هه‌رێمی كوردستان له‌ مه‌شق و ڕاهێنان به‌هێزی پێشمه‌رگه‌ی كوردستان و كردنه‌وه‌ی نه‌خۆشخانه‌یه‌كی تایبه‌ت بۆ پێشمه‌رگه‌".
گووتیشی: " خوازریاری په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزین له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی ئه‌لمَانیا له‌ رووی ئابوورییه‌وه‌ و داواده‌كه‌ین وه‌به‌رهێنان له‌ هه‌رێمی كوردستان ئه‌نجامبده‌ن". 
 هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، تیشكی خسته‌سه‌ر كاره‌كانی په‌رله‌مان و یاسا به‌ركاره‌كانی هه‌رێمی كوردستان و ده‌ستبه‌كاربوونی لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان له‌چوارچێوه‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ی یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ پڕۆژه‌ یاسای پێشنیازكراو بۆ كاراكردنه‌وه‌ی دامه‌زراوه‌ی سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم كراوه‌ و به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان له‌ نێوان خوێندنه‌وه‌ی دووه‌م و ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌كه‌ نابی له‌یه‌ك هه‌فته‌ تێپه‌ریَِت". 
سه‌باره‌ت به‌په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی ناوه‌ندی له‌ به‌غدا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان، رایگه‌یاند: "له‌ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ حكومه‌تی عێراق باشه‌و ده‌خوازین ده‌ستووری عێراق به‌ته‌واوی بڕگه‌و ماده‌كانی كه‌ له‌ناو ده‌ستووردا هاتووه‌ جێبه‌جێبكریت، به‌تایبه‌تی مادده‌ی 140 ی ده‌ستووری كه‌ تایبه‌ت به‌ناوچه‌ جێناكۆكه‌كان و ئاساییكردنه‌وه‌ بارودۆخی كه‌ركوك و پاراستنی سه‌رجه‌م پێكهاته‌كانی شاره‌كه‌". 
 
 
 
پاشان مونا نه‌بی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ له‌دیداره‌كه‌دا ئاماده‌بوو، باسى له‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ی نێوان پێكهاته‌كان و پاراستنی مافه‌كه‌یانیان به‌ یاسا له‌هه‌رێمی كوردستان كرد و رایگه‌یاند: "بۆ جاری یه‌كه‌مه‌ له‌مێژووی په‌رله‌مانی كوردستان پێكهاته‌یه‌كی ره‌سه‌نی ئه‌و هه‌رێمه‌ له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان به‌شداربێت، ئه‌مه‌ش نیشانه‌ی سیاسه‌تی هه‌رێمی كوردستانه‌ بۆ پێدانی ماف به‌ هه‌موو پێكهاته‌كای و له‌په‌رله‌مانى كوردستانیش یاسایه‌كى تایبه‌ت بۆ ماف و پاراستنی پێكهاته‌كان ده‌رچووه‌ و كاریش ده‌كه‌ین بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان".
لای خۆشیانه‌وه‌ شاندی میوان وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ سه‌رۆك و سكرتێری په‌رله‌مان، به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونیان له‌ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان، خۆشحاڵی خۆیان به‌وپێشكه‌وتنه‌كانی هه‌رێمی كوردستان له‌ رووی ئابوورى و سیاسی و دیموكراسی و پێدانی مافی پێكهاته‌كان له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌خۆیه‌وه‌ بینیوه‌ و ده‌ربڕی. 
هه‌روه‌ها شاندی میوان ئامانجی سه‌ردانه‌كه‌یان بۆ په‌رله‌مانی كوردستان خسته‌ڕوو و رایانگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان  ئارام و سه‌قامگیره‌، بۆیه‌ ده‌مانه‌وێت په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێزمان له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان هه‌بێت له‌گشت بوارێكدا و له‌رێگه‌ی خۆمان و ده‌زگاكه‌مانه‌وه‌ هه‌وڵی ته‌واو ده‌ده‌ین بۆ به‌هێزكردنى په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی ئه‌لمَانیا، بۆ ئه‌و مه‌به‌سته‌ش مانگی شه‌شی ئه‌مساڵ شاندێكی باڵا له‌حكومه‌ت و په‌رله‌مانی ئه‌لمَانیا سه‌ردانی هه‌رێمی كوردستان ده‌كه‌ن".  

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>