سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازى له‌ كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

08/04/2019 11:29:00 ص
سه‌عات 11ى پێشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 8ى نیسانی 2019، د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیى خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ ستیڤ ڤاگن، كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان. 
له‌ دیدارێكدا كونسوڵی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان، وێڕای پیرۆزباییكردن له‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌بۆنه‌ی ده‌ستبه‌كاربوونی له‌ پۆسته‌كه‌ی، خۆشحاڵیی خۆی به‌بوونی ئافره‌تێك له‌و پۆسته‌ ده‌ربڕی و ئه‌و هه‌نگاوه‌ى به‌ هه‌نگاوێكی گرنگ زانى و رۆلی په‌رله‌مانیشی له‌و ماوه‌یه‌ى كه‌ ده‌ستبه‌كاربووه‌ به‌رزنرخاند كه‌ توانیویه‌تی زۆر چالاكانه‌ كاره‌كانی ئه‌نجام بدات.
هه‌روه‌ها هیوای خواست كه‌ لایه‌نه‌كان به‌ زووترین كات بگه‌نه‌ رێككه‌وتن له‌سه‌ر پێكهێنانی كابینه‌ی نۆێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، بۆئه‌وه‌ی شانبه‌شانی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌وڵه‌كانیان چڕ بكه‌نه‌وه‌ بۆ خزمه‌تكردنی زیاتری خه‌ڵكی كوردستان و به‌ره‌وپێشبردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانی نێوانیان. 
له‌ به‌رامبه‌ردا د.ڤالا فه‌رید ئیبراهیم، سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنان كونسوڵی گشتیی 
ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان، ؛ كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌ كارو چالاكییه‌كانی په‌رله‌مان له‌و ماوه‌یه‌ى كه‌ ده‌ستی به‌كاره‌كانی كردووه‌ باسكرد و رایگه‌یاند: "دوای ده‌ستبه‌كاربوونی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تی، به‌پێی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان لیژنه‌ هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان هه‌ڵبژێردران و ده‌ستیان به‌كاره‌كانی خۆیان كرد و دواتر به‌ ئیمزای 68 په‌رله‌مانتار پڕۆژه‌ پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمى كوردستان و شێوازى هه‌ڵبژاردنی، ئاراسته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان كراو سه‌ه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مانیش ئاراسته‌ی لیژنه‌ی یاسایی كرد بۆ ئه‌نجامدانی رێكاره‌ یاساییه‌كان و دواتر خرایه‌ به‌رنامه‌ی كارى دانیشتنه‌كانی په‌رله‌مان و خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌مى بۆ كراو به‌پێی په‌یڕه‌ویش نابێت نێوان خوێندنه‌وه‌ى دووه‌م و ده‌نگدان له‌سه‌ر پڕۆژه‌ پێشنیازكراوه‌كه‌ له‌ هه‌فته‌یه‌ك تێپه‌ڕ بكات".
 
 
 
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا له‌ وه‌ڵامی پرسیارێكی كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان سه‌باره‌ت به‌ پڕۆژه‌پێشنیازی كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێم، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "رۆژی چوارشه‌مه‌ 2019/4/10، له‌دانیشتنی ژماره‌ 4ى ئاساییی پڕۆژه‌ پێشنیازكراوه‌كه‌ و راپۆرتی كۆتایی لیژنه‌ی یاسایی ده‌خرێته‌ ده‌نگدانه‌وه‌ و دوای په‌سندكردنی له‌لایه‌ن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان په‌سند ده‌كرێت و ده‌بێت به‌یاسا".
له‌درێژه‌ی قسه‌كانیدا سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان باسی له‌ هه‌نگاوه‌كانی ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان له‌ رێكخستنه‌وه‌ و چاكسازیكردن له‌ناو په‌رله‌مانی كوردستان كرد و رایگه‌یاند: "ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان به‌مه‌به‌ستی رێكخستنی كاروباری په‌رله‌مان له‌ڕووی كارگێڕی و دارایی ده‌ستی به‌چاكسازی كردووه‌ و ئه‌م چاكسازییه‌ی ئه‌نجامی ده‌ده‌ین شه‌فاف و روونه‌و داواش له‌چاودێریی دارایی كراوه‌ هاوكارمان بن ".
هه‌روه‌ها رایگه‌یاند:  "له‌گه‌ڵ پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، په‌رله‌مانی كوردستان هاوكارو هه‌ماهه‌نگ ده‌بێت له‌گه‌ڵ حكومه‌تی هه‌رێم بۆئه‌وه‌ی چاكسازییه‌كی گشتگیر له‌سه‌رجه‌م سێكته‌ره‌كاندا ئه‌نجام بده‌ین، هیوادارم فراكسیۆنه‌كانی په‌رله‌مان پابه‌ند بن به‌ یاسا به‌ركاره‌كان و په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و به‌شداریی كارایان هه‌بێت له‌ كاره‌كانی په‌رله‌مان و له‌ رێگه‌ی لیژنه‌كانیشه‌وه‌ چاودێرى و به‌دواچوون بۆ كاره‌كانی حكومه‌ت و هاووڵاتییان بكه‌ن".
سه‌باره‌ت به‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی به‌غدا-ش، سه‌رۆكی په‌رله‌مان رایگه‌یاند: "له‌ یه‌كه‌مین دانیشتنی خولی پێنجه‌می په‌رله‌مان، كه‌ تیایدا ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان هه‌ڵبژێردرا جه‌ختمان له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا كردۆته‌وه‌ و له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندیی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئاستێكی زۆرباشدایه‌و  ده‌خوازین حكومه‌تی عێراق هه‌نگاوه‌كانیان بۆ جێبه‌جێكردنی ده‌ستوور خێراتر بكه‌ن، له‌نێویشیاندا ماده‌ی 140ى ده‌ستوور كه‌تایبه‌ته به‌ناوچه‌ دابڕێنراوه‌كان و له‌ئاساییكردنه‌وه‌ و سه‌رژمێرى و ئه‌نجامدانی راپرسی بۆ یه‌كلاییكردنه‌وه‌ى چاره‌نووسی ئه‌و ناوچانه‌ و چاره‌سه‌ركردنی كێشه‌ هه‌ڵپه‌سێردراوه‌كانى نێوان هه‌ردوولا به‌جۆرێك كه‌ له‌به‌رژه‌وه‌ندیی هه‌موو گه‌لانی عێراقدا بێت".
له‌ كۆتاییدا هه‌ردوولا جه‌ختییان له‌سه‌ر پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌ یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرده‌وه‌ و له‌و چوارچێوه‌یه‌شدا كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكا له‌ هه‌رێمی كوردستان به‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی راگه‌یاند كه‌ هه‌وڵده‌ده‌ین له‌ ماوه‌ى داهاتوودا به‌ فه‌رمی شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان بانگهێتشتی ئه‌مریكا بكه‌ین بۆ سوود وه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی كارى په‌رله‌مانى.
له‌لایه‌ن خۆشییه‌وه‌ سه‌رۆكی په‌رله‌مانی سوپاسی كونسوڵی گشتیی ئه‌مریكاى كردو هیوای خواست كه‌ ئه‌مجۆره‌ دیدار و كۆبوونه‌وه‌ و په‌یوه‌ندییانه‌ به‌رده‌وامییان هه‌بێت.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>