سكرتێری په‌رله‌مان به‌شداریی له‌ ۆوركشۆپی هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی به‌هێز بۆ هه‌رێمی كوردستان دوای ریفراندۆم كرد

08/04/2019 11:02:00 م
ئێواره‌ی ئه‌مڕٍۆ دووشه‌ممه‌ 8/4/2019، مونا نه‌بى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان، به‌شداریی كرد له‌ ۆوركشۆپێك له‌ژێر ناوونیشانی (هه‌ستانه‌وه‌یه‌كی به‌هێز بۆ هه‌رێمی كوردستان دوای ریفراندۆم)، كه‌به‌شی دیپلۆماسییه‌ت و په‌یوه‌ندییه‌ نێوده‌وڵه‌تییه‌كانی زانكۆی لوبنانی-فه‌ڕه‌نسی رێكی خستبوو. 
 به‌شداربوونی وۆركشۆپه‌كه‌ بریتیبوون له‌ مونا نه‌بى قه‌هوه‌چی و د.جووتیار عادل و مه‌ولود باوه‌مراد و عومه‌ر نوردینی، به‌ ئاماده‌بوونی ژماره‌یه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان و سه‌رۆكی زانكۆی لوبنانی-فه‌ڕه‌نسی و مامۆستایان و قوتابییانی زانكۆكه‌ به‌ڕێوه‌چوو.  
له‌ ۆوركشوپه‌كه‌دا، مونا نه‌بى قه‌هوه‌چی، سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان ئامانج و ستراتیژییه‌تی ئه‌نجامدانی ریفراندۆمی بۆ ئاماده‌بووان شیكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "بڕیاردان له‌ ئه‌نجامدانی ریفراندۆم بڕیاریكی گرنگ و مێژوویی بوو بۆ ته‌واوی خه‌ڵكی كوردستان، ئه‌م ریفراندۆمه‌ش دوای ئه‌وه‌ هات حكومه‌ته‌ یه‌ك له‌دوای یه‌كه‌كانی عێراق كه‌ له‌دوای رووخانی رژێمی به‌عس ده‌سه‌ڵاتییان وه‌رگرت هه‌میشه‌ پێشێلی مافه‌كانی خه‌ڵكی هه‌رێمی كوردستانییان كردووه‌ به‌هه‌موو پێكهاته‌كانییانه‌وه‌و نه‌گه‌ڕاونه‌ته‌وه‌ بۆ ده‌ستوور و ده‌ستووریان جیبه‌جێ نه‌كردووه‌، بۆیه‌ سه‌ركردایه‌تیی سیاسیی هه‌رێمی كوردستان ئه‌م بڕیاره‌ گرنگه‌یان ده‌ركرد".
 
 
 
هه‌ر له‌ ۆوركشوپه‌كه‌دا سكرتێری په‌رله‌مانی كوردستان  باسی له‌ قۆناغه‌كانی دوای ئه‌نجامدانی ریفراندۆم و ئه‌و ته‌نگه‌ژه‌ سیاسی و ئابوورییه‌ی كه‌ به‌سه‌ر هه‌رێمی كوردستاندا هات كرد و رایگه‌یاند: "به‌هۆی ژیری و لێهاتوویی سه‌ركردایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان توانرا له‌و ساته‌دا ئابڵۆقه‌كان تێكبشكێنن  و هه‌رێمی كوردستان قۆناغێكی نوێی ده‌ستپێكرده‌وه‌ به‌هاوكاری و پاڵپشتیی وڵاتانی دۆست،  دوای ئه‌م هه‌موو ناخۆشییه‌ى كه‌ رووبه‌ڕووی هه‌رێمی كوردستان كرایه‌وه‌ له‌ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی عێراق زۆرباشه‌و هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت ده‌ستووری عێراق جێبه‌جێبكرێت". 
هه‌روه‌ها باسی له‌ رێكاره‌ یاساییه‌كانى خولی پێنجه‌می په‌رله‌مانی كوردستان كردو رایگه‌یاند: "بۆ ئه‌م قۆناغه‌ له‌ئێستادا كاری له‌پێشینه‌مان ده‌رچوواندنی یاسای كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زراوه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستانه‌، پاش ئه‌وه‌ی ته‌واوی رێكاره‌  یاساییه‌كانی بڕیوه‌ به‌گوێره‌ی په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان و دوای ته‌واوبوونی رێكاره‌ یاساییه‌كانی سه‌رۆكایه‌تی هه‌رێم و پێكهێنانی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان هه‌نگاوه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان خێراتر ده‌بن له‌ رووی چاكسازی و له‌ئێستادا په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ستی كردووه‌ به‌ چاكسازی له‌ ناوخۆی په‌رله‌مان له‌ رووی دارایی و كارگێڕییه‌وه‌".
سكرتێری په‌رله‌مانى كوردستان گووتیشی:  "دوای ده‌ستبه‌كاربوونی حكومه‌ت به‌هه‌ماهه‌نگی و هاوكاریی گشت لایه‌ك له‌گه‌ڵ حكومه‌ت له‌سه‌ر هێڵ ده‌بین و هاوكار ده‌بین بۆ چاكسازیی گشتگیر له‌ هه‌موو بوارێكدا". 
له‌ كۆتاییدا سكرتێری په‌رله‌مان به‌گرنگییه‌وه‌ باسی له‌ هه‌بوونی ده‌ستوورێك بۆ هه‌رێمی كوردستان و هه‌وڵه‌كانی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان و  گشت  فراكسیۆنه‌كان كرد بۆئه‌وه‌ی كوردستان ببێته‌ خاوه‌نى ده‌ستووری خۆی .
 
 
  

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>