جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ به‌رپرسی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان ده‌كات

10/04/2019 02:52:00 م
سه‌عات 3ى پاشنیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 2019/4/10، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی د.رێبوار بابكه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندی كوردستانى له‌ په‌رله‌مانی كوردستان، پێشوازیی له‌ كلاریس پاستۆرى، به‌رپرسی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد. 
له‌ دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، كورته‌یه‌كی سه‌باره‌ت به‌كاره‌كانی په‌رله‌مان له‌ماوه‌ى ده‌ستبه‌كاربوونیدا خسته‌ڕوو و رایگه‌یاند: "رێكاره‌ یاساییه‌كانی په‌رله‌مان بۆ كاراكردنه‌وه‌ى دامه‌زاروه‌ى سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان دوای خوێندنه‌وه‌ى یه‌كه‌م و دووه‌م بۆ پڕۆژه‌ پێشنیازه‌كه‌ كراوه‌و به‌م نزیكانه‌ له‌دانیشتێكی دیكه‌ی په‌رله‌ماندا ده‌نگدانی له‌سه‌ر ده‌كرێت و به‌مه‌ش هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نوێ هه‌نگاوێكی دیكه‌ ده‌چێته‌ پێشه‌وه‌".
هه‌روه‌ها باسی له‌ بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و عێراق و په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا  كردو رایگه‌یاند: "له‌ ئێستادا په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێم و به‌غدا له‌ ئاستێكی باشدایه‌و هیوادارین به‌ره‌وپێشتریش بچێت و كێشه‌كان له‌گه‌ڵ به‌غدا له‌ رێگه‌ی ده‌ستوورى عێراقه‌وه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن، به‌تایبه‌تى ماده‌ى 140ى ده‌ستوور كه‌ تایبه‌ته‌ به‌ كه‌ركووك و ناوچه‌ جێناكۆكه‌كانی تر".
 
 
 
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و یه‌كێتیی ئه‌وروپا كرد و رایگه‌یاند: "ده‌خوازین كه‌ په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ یه‌كێتیی ئه‌وروپا به‌ره‌وپێشتر بچێت و داوای له‌ به‌رپرسی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد له‌ رێگه‌ی خۆیه‌وه‌ هه‌وڵه‌كانی بخاته‌گه‌ڕ بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی و هه‌ماهه‌نگی له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانی ئه‌وروپا به‌مه‌به‌ستی سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی په‌رله‌مانی وڵاتانی ئه‌وروپا، به‌تایبه‌ت له‌بوارى چاكسازیی كارگێڕی و داراییدا".
لای خۆیه‌وه‌ كلاریس پاستۆرى، به‌رپرسی یه‌كێتیی ئه‌وروپا له‌ هه‌رێمی كوردستان، خۆشحاڵیی خۆی به‌نزیكبوونه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان له‌ یه‌كترى بۆ پێكهێنانی كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێم ده‌ربڕی و ئاماده‌یی خۆشی بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارییه‌ك ده‌ربڕی بۆ له‌ یه‌كتر نزیككردنه‌وه‌ى لایه‌نه‌كان و هیوای خواست كه‌ له‌نزیكترین كاتدا كابینه‌ی نوێی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكبێت.
هه‌روه‌ها خۆشحاڵی خۆشی به‌باشتربوونی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و حكومه‌تی فیدڕالیی عێراق ده‌ربڕی، هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كان به‌ره‌و باشتر بچن و كێشه‌كان به‌ رێگه‌ى دیالۆگ و ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێن. 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>