جێگری سەرۆكی پەرلەمان بەشداری لە لوتكەی تەندورستيی كوردستاندا دەكات

20/04/2019 10:06:00 م

ئەمڕۆ 20ی نیسانی 2019، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان و  د.سەباح مەحموود سەرۆكی لیژنەی تەندروستی و ژمارەیەك لە ئەندامانی لیژنەی تەندروستی لە پەرلەمانی كوردستان، بەشدارییان لە لوتكەی تەندروستیی كوردستان كرد، كە بۆ جاری یەكەمه‌ لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و كوردستان ئه‌مجۆرە لوتكەیە دەبەسترێت و تیایدا ژمارەیەك لە بەرپرسانی حكومەتی هەرێمی كوردستان و مامۆستایانی زانكۆو پزیشكان و پەرستیاران و نوێنەری (13) وڵات ئامادەبوون، هێمن هەورامی، جێگری سەرۆكی پەرلەمانی كوردستان وتارێكی پێشكەشكرد، ئەمەی خوارەوە دەقەكەیەنی:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
ئامادەبووانی بەڕێز، پێش هەموو شتێك بەناوی پەرلەمانی كوردستان دەستخۆشییەكی زۆر لەسەرجەم ئەو بەڕێزانە دەكەین كە بەڕێكخستن و ئامادەكردن و سازدانی لوتكەی تەندروستیی كوردستانەوە ماندووبوون، كارێكی گەورەرەتان كردو دەستخۆشیتان لێدەكەین و هێوای سەركەوتنێكی گەورەتان بۆ دەخوازین.
لێرەوە جێگه‌ی خۆیەتی بەناوی پەرلەمانی كوردستان، بەخێرهاتنێكی گەرم ئاڕاستەی سەرجەم ئەم میوانە بەرێزانە بكەین كە لە دەرەوەی هەولێر و لە دەرەوەی هەرێمی كوردستان بەشداربوون، سوپاستان دەكەین بۆ ئامادەبوونتان بەخێربین بۆ كوردستان.
پەرلەمانی كوردستان بەسەرجەم فراكسیۆنەكانییەوە پەرۆشییەكی زۆرمان هەیە بۆ پشتیوانكردن و بەدواداچوونی سەرجەم ئەم كارو بەرنامانەو ئەم پرۆژانەی كە لەلایەن حكومەتی هەرێمی كوردستان و دامەزراوە تایبەتمەندییەكانەوە بەڕێوەدەچن و لە بەرنامەیان دا هەیە بۆ خزمەتكردنی زیاتری هاووڵاتییانی هەرێمی كوردستان لە سەرجەم بوارە خزمەتگوزارییە گشتییەكان بەگشتی و لە بواری خزمەتگوزاریی تەندروستی بەتایبەتی، ئێمە لە پێنچ ساڵی رابردوو لە هەرێمی كوردستان بەسەر زۆر ئاستەنگ و تەحەدای سیاسی و ئابووریدا سەركەوتین، پێمان وایە ئیتر ئێستا دەستپێكی قوناغێكی نوێیە لە دەستپێكردنەوەی بنیادنانەوەی كوردستان و برەودان بەسەرجەم كەرتەكانی خزمەتگوزاری لە هەرێمی كوردستاندا، دەسپێكی قوناغێكی تازەیە لە پێداچوونەوەو هەنگاونانی زیاتر و پلاندانی زیاتر و وردتر و باشتركردنی چۆنیەتی و چەندییەتی ئەو خزمەتگوزارییە بنەڕەتییانەی كە كۆمەلگەكەمان پێویستیانە.
ئێمە دڵنیاتان دەكەینەوە بەڕێزان، پەرلەمانی كوردستان لە خولی پێنجەمی پەرلەمان، خەڵك و ئێوەش دڵنیا دەكەینەوە، كە لەم خولەدا چاكسازیی بنەڕەتی و بەدواداچوونی تەواو بۆ سەرجەم كەرتەكان بەگشتی بكەین، بەڵام كەرتی تەندروستی و كەرتی پەروەردە لە پێشینەی كارەكانی سەرجەم فراكسیۆنەكانی پەرلەمان و سەرۆكایەتیی پەرلەمان دەبێت و دوای دەستپێكردنی هەنگاوە كردارییەكانی پێكهێنانی كابینەی نۆیەم بەهەماهەنگی لەگەڵ حكومەتی هەرێمی كوردستان پلانی یاسایی چوار ساڵەی خۆمان دادەڕێژین، بۆئەوەی بتوانین بەپێی ئەو بەرنامە هاوبەشانەی هەمانە بۆ خزمەتكردنی خەڵكی كوردستان ئەو پلانە یاساییە جێبەجێبكرێت بە هەماهەنگیی نێوان پەرلەمانی كورستان و حكومەتی هەرێمی كوردستان دادەڕێژرێت، پێمان وایە ئەم لوتكەیە دەرفەتە بۆئەوەی تێگەیشتن و زانینی ئەزموونی هاوشێوە لە وڵاتانی دیكەی كە ئێستا بەشێكی زۆریان  لەو وڵاتانە نوێنەرەكانیان لێرە بەشدارن بۆ دەستنیشانكردنی كەموكوڕییەكان و بۆ خستنەڕووی پێشنیارەكانیان لە چارەسەركردن سوودیان لێوەربگیرێت، بۆیە ئێمە لیژنەی تەندروستیمان راسپاردووە بەدرێژایی پانێڵەكانی ئەم لوتكەی تەندروستییە بەشداربن لێرە لەگەڵتان بۆ تۆماركردنی سەرجەم ئەم پێشنیار و تێبینی و بۆچوونانەی كە دەخرێنەڕوو، تا لەكاری بەدواداچوون و لە كاری یاسایی پەرلەمانی كوردستان بتوانین سوودیان لێوەربگرین، گرینگە لێرە پەیامێك بەهاووڵاتییانی خۆمان بدەین و دڵنیایان بكەینەوە بەوەی هەر رێگه‌ و یاسا و بڕیارێك، هەر بەدواداچوونێك پێویست بێت لە پاراستنی مافی نەخۆش لە زیادكردن و باشتركردنی خزمەتگوزاریی كەرتی تەندروستی لە بواری كوالێتی كۆنترۆلی دەرمان، ئێمە لە پەرلەمانی كوردستان بەجدی بەدواداچوونی وردی بۆ دەكەین و بە پەرۆشەوە لە خزمەتتان دەبین .
لێرەوە داوا لەئێوەی بەڕێز و خۆشەویست دەكەین پێوەرێك دابنێن بۆ بەداداچوونی بەكردەوەكردنی ئەم ڕاستییانەی كە لەم لوتكەوە بەدی دێت، بۆئەوەی لە لوتكەی ساڵی ئایندەدا ڕاپۆرتێك پێشكەش بكەن لە ئاستی جێبەجێكردنی ئەم ڕاسپاردانەی كە لەم لوتكەیە بوو، چونكە پەند لەكۆنفڕانس و لوتكەكان لە بەدواداچوونی ئەم ڕاسپاردانەیە كە دەردەچێت نەك ئامادەكاری و ئەم كۆنفڕانس و دانیشتنانەی كە دەیكەین.
جارێكی تر بەناوی پەرلەمانی كوردستان دەستخۆشی لە رێكخەرانی ئەم لوتكەیە دەكەین و دەستخۆشی لە حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكەین بۆ پشتیوانكردن و سپۆنسەركردنی ئەم لوتكەیەی كەكراوەو ئومێدی چەند رۆژێكی خۆشتان بۆ دەخوازین و هەربژین و سەركەوتووبن.
 

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>