جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ شاندێكی رێكخراوی خێرخوازیی مه‌سیحیی ئه‌مریكی ده‌كات

25/04/2019 03:28:00 م
پاشنێوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ پێنچشه‌ممه‌ 25ی نیسانی 2019، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی پێشوازیی كرد له‌ شاندێكی رێكخراوی خێرخوازیی مه‌سیحیی ئه‌مریكی (S.R.I)، به‌سه‌رۆكایه‌تیی مایكل پۆپ ستار، سه‌رۆكی رێكخراوه‌كه‌وشاندی یاوه‌ری.    
له‌دیدارێكدا كه‌موسا گه‌ردی، سه‌رۆكی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانی ئاماده‌یبوو، هێمن هه‌ورامى، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانى كوردستان، به‌ناوى په‌رله‌مانی كوردستانه‌وه‌ ستایشی رۆلی رێكخراوه‌كه‌ى كرد به‌رامبه‌ر ئه‌و هاوكاری و كۆمه‌كانه‌ی كه‌ پێشكه‌ش به‌و خه‌ڵكه‌ لێقه‌وماو و ئاوارانه‌ى ده‌كه‌ن كه‌ روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و ده‌ستخۆشیی لێكردن و رایگه‌یاند: "سه‌ڕه‌رای ئه‌م قه‌یرانانه‌ی كه‌ له‌ماوه‌ی ڕابردوودا رووبه‌ڕووى هه‌رێمی كوردستان بوونه‌وه‌، به‌ڵام هه‌رێمی كوردستان بووه‌ په‌ناگه‌یه‌كی ئارام بۆ سه‌رجه‌م لێقه‌وماوان و ئاواره‌كانی ئه‌و ناوچانه‌ى كه‌ كه‌وتنه‌ ژێرده‌ستی داعش، چ ئه‌وانه‌ی له‌ عێراقه‌وه‌ روویان كرده‌ هه‌رێمی كوردستان، یاخود ئه‌م خوشك و برایانه‌ی كه‌ له‌ رۆژئاوای كوردستانه‌وه‌ روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كرد و ژماره‌یان زیاتر له‌یه‌ك ملیۆن و نیو بوو، ئه‌مه‌ش وایكرد قورساییه‌كی زۆر بخاته‌ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان و داواش له‌ كۆمه‌ڵگه‌ی نێوده‌وڵه‌تی ده‌كه‌ین هاوكاریی هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن، هه‌رێمى كوردستان له‌ رابردوو و له‌ئێستاشدا درێغیى نه‌كردووه‌ له‌ هاوكاریكردنى ته‌واوی ئاواره‌كان، به‌ڵام ئه‌م هاوكارییه‌ به‌ته‌نیا به‌ هه‌رێمی كوردستان ناكرێ".
 
 
 
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، هه‌نگاوه‌كانی پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و رێكاره‌ یاساییه‌كانی بۆ شاندی میوان شیكرده‌وه‌.
لای خۆیه‌وه‌ مایكل پۆپ ستار، رێكخراوی خێرخوازیی مه‌سیحیی ئه‌مریكی (S.R.I)، ستایشی هه‌رێمی كوردستانی كرد بۆ له‌باوه‌شگرتنى ئه‌و رێژه‌ زۆره‌ی لێقه‌وماوان و ئاواره‌كان كه‌ به‌هۆی شه‌ڕی تیرۆریستانی داعش روویان له‌ هه‌رێمی كوردستان كردووه‌ و رۆلى هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ى كوردستانیشی لى شه‌ڕی دژ به‌ تیرۆریستانى داعش به‌رزنرخاند و ریگه‌یاند: "شانازی به‌ رۆلی هێزى پێشمه‌رگه‌ی كوردستان ده‌كه‌ین له‌ رووبه‌ڕووبوونه‌وه‌ی تیرۆریستانی داعشدا كه‌ له‌جیاتی هه‌موو جیهان شه‌ڕی تیرۆریستانی  داعشی كرد".
 هه‌روه‌ها خۆشحاڵیی خۆشی به‌ئه‌زموونی پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ى نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌ كوردستان ده‌ربڕی و رایگه‌یاند: "شانازی به‌دۆستایه‌تیی كوردو كوردستانیانى هه‌رێم ده‌كه‌م و هه‌رێمی كوردستان مۆدێلێكى پێشكه‌تووه‌ له‌ پێكه‌وه‌ژیانی ئاشتییانه‌ى نێوان سه‌رجه‌م پێكهاته‌كان له‌ جیهاندا".
له‌كۆتایی دیداره‌كه‌دا شاندی میوان ئاماده‌یی خۆیان نیشاندا بۆ به‌رده‌وامبوون له‌ ناردنی ئه‌م هاوكاری و كۆمه‌كانه‌ی كه‌ پێشكه‌شی ئاواره‌كان ده‌كرێت، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستانیش وه‌ك رێزلێنانێك له‌ هه‌وڵ و ماندووبوونیان بۆ ئه‌و هاوكارییانه‌ی پێشكه‌ش به‌ ئاواره‌ و لێقه‌ومانی ده‌كه‌ن لۆگۆى په‌رله‌مانی كوردستان وه‌ك دیارییه‌ك به‌ رێكخراوه‌كه به‌خشى.
 
 
 
شایه‌نی باسه‌ كاری سه‌ره‌كیی ئه‌و رێكخراوه‌، كۆكردنه‌وه‌ى هاوكاری و كۆمه‌كه‌ له‌ئه‌مریكا بۆ لیقه‌وماوان و ئاواره‌كان له‌ سه‌رتاسه‌رى جیهاندا،  له‌ ساڵی ( 2015 )ه‌شه‌وه‌ له‌رێگه‌ی ده‌زگای خێرخوازیی بارزانییه‌وه‌ ئه‌م هاوكاری و كۆمه‌كانه‌ پێشكه‌ش به‌ لیقه‌وماوان و ئاواره‌كانى هه‌رێمى كوردستان ده‌كه‌ن.    

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>