كۆنفڕانسێك سه‌باره‌ت به‌مه‌ترسییه‌كانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و رێگاكانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى به‌ڕێوه‌چوو

28/04/2019 01:55:00 م
سه‌عات9:30ى سه‌رله‌به‌یانیى ئه‌مڕۆ یه‌كشه‌مه‌ 28/4/2019، شاندێكی په‌رله‌مانی كوردستان به‌ نوێنه‌رایه‌تیی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، كه‌ پێكهاتبوو له‌ عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود، سه‌رۆكى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان و عوسمان سێده‌رى، جێگرى سه‌رۆكى لیژنه‌و نزار مه‌لا غه‌فار، ئه‌ندامى لیژنه‌كه‌، له‌زانكۆى لوبنانى فه‌ره‌نسى له‌شارى هه‌ولێر، به‌شدارییان له‌ كۆنفڕانسی (مه‌ترسیییه‌كانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و رێگاكانى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى) كرد.
كۆنفڕانسه‌كه‌دا به‌ساتێك وه‌ستان بۆ گیانى پاكى شه‌هیدان ده‌ستىپێكردو پانێڵى یه‌كه‌م به‌ناوونیشانى مه‌ترسى و قۆناغه‌كانى دیارده‌ى به‌كارهێنانى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان له‌هه‌رێمى كوردستان و پانێڵى دووه‌م به‌ناوونیشانى خۆپاراستن و چۆنیه‌تیى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى پێشكه‌ش كراو بڕیاردرا یاداشتێك سه‌باره‌ت به‌گیروگرفت و چۆنیه‌تیى چاره‌سه‌ركردنى به‌ره‌نگاربوونه‌وه‌ى ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان ئاراسته‌ى په‌رله‌مانى كوردستان بكرێت.
 
 
 
هه‌ر له‌ كۆنفڕاسه‌كه‌دا له‌لایه‌ن عه‌بدوڵا حاجى مه‌حمود، سه‌رۆكى لیژنه‌ى پێشمه‌رگه‌و ناوخۆو ئاسایش و ئه‌نجوومه‌نه‌ خۆجێییه‌كان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، وتارى سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان خوێندرایه‌وه‌ كه‌ تیایدا مه‌ترسییه‌كانی ماده‌ هۆشبه‌ره‌كان و بڵاوبوونه‌وه‌ى و ئاڵووده‌بوون پێیه‌وه‌ خسته‌ڕوو، ئەمەش دەقی وتارەکەیه‌:
بەڕێزان/ دەستەی ئامادەكارو بەڕێوەبەرانی كۆنفڕانسی (مەترسییەكانی ماددە هۆشبەرەكان و رێگاكانی بەرەنگاربوونەوەی) لەزانكۆی لوبنانی فەرەنسی و بزاڤی ئاشتی ناوخۆیی (بان)
سڵاوێكی گەرم..
دوای دەستخۆشی بۆ ئەم كۆنفڕانسە كە دەربارەی پرسێكی گرنگ و هەنووكەیی و هاوكات ئاڵۆزی وەك مەترسیی مادە هۆشبەرەكان و بەرەنگاربوونەوەی، دەبێت ئەو راستییە لەبەرچاو بگرین كەئەم پرسە لەپاڵ رەهەندە كۆمەڵایەتی و ئابووری و دەروونییەكان، رەهەندی سیاسیی هەیەو پەیوەندیداریشە بە تاوانە رێكخراوەكانی وەك گەندەڵی و تیرۆر.
راپۆرتە جیهانی و زانیارییەكان لەبارەی بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان و خستنەڕووى رێگاكانی دزەكردن و بازرگانیكردن پێوەیان بەشێوەیەكی خێراو فراوان، مایەی مەترسی و نیگەرانین و ئەركی رووبەڕووبوونەوەو بەرلێگرتنیان لەگەڵ هەوڵە یاسایی و كۆمەڵایەتییە لۆكاڵییەكان، پێویستیی بە هەماهەنگیی هەرێمی و زۆرجار نێودەوڵەتیش هەیە.
گرفتی بەكارهێنانی مادە هۆشبەرەكان و ئاڵوودەبوون پێیان، لەمەترسیدارترین كێشەو گیرۆدەبوونە دەروونی و كۆمەڵایەتییەكانە كە مرۆڤایەتی ناسیویەتی، ئەمەش بە تێڕوانین لە زیانە مادی و گیانی و گرفتارییەكانی ئەو دەردە مەترسیدارە بەدیار دەكەوێت.
هیوادارم كۆنفڕانسەكەتان بە پێشكەشكردنی توێژینەوەی زانستی و مەیدانی، هەموو هۆكارە بایۆلۆژی و دەروونی و كۆمەڵایەتییەكانی بەكارهێنان و ئاڵوودەبوون شیبكاتەوەو رێگای زانستی لە بوارەكانی پەروەردەو هۆشیاریی خێزان و كۆمەڵگه‌و رۆڵی دامەزراوە گشتییەكان و یاساو تەندروستی و دەسەڵاتی جێبەجێكردن لە بەرەنگاربوونەوەو چارەسەركردن پێشنیاز بكات، لەسەر هەردوو ئاستی بەكارهێنان و مامەڵەو بازرگانی پێوەكردن.
ئێمەش لە پەرلەمانی كوردستان بە بەرچاوڕوونییەوە كاربكەین بۆ بەهێزكردنی دامەزراوە نیشتمانییەكان لەو بوارەداو تەشریع و تەعدیلكردنی یاسای پێویست كە لەگەڵ قۆناغەكەو قەبارەی كێشەكەو گۆڕانكارییە خێراكانی شێوازی بەرهەمهێنان و مامەڵەو بازرگانی پێوەكردن و بەكارهێنانی بگونجێت و كاریگەریی پێویستی هەبێت. ئەمەش پێویستیی بە كاری هەمەلایەنەو ئامار و داتای ورد و ئەنجامی توێژینەوەی زانستی هەیە.
دووبارە دەستخۆشیی ئەم كۆنفڕانس و كارە گرنگەتان لێدەكەین و هیوادارین دامەزراوە ئەكادیمی و زانستییەكان لەوبارەیەوە هاوكارو یاریدەدەر بن.
هەر شادو سەركەوتوو بن..

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>