له‌دیدارێكدا جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و په‌رله‌مانى توركیا كرایه‌وه‌

29/04/2019 03:46:00 م
له‌ دیدارێكیدا له‌گه‌ڵ بورهان كایه‌، ئه‌ندامى په‌رله‌مانی توركیا، هێمن هه‌ورامی، جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان جه‌خت له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان په‌رله‌مانی  كوردستان و په‌رله‌مانى توركیا ده‌كاته‌وه‌. 
دوای نیوه‌ڕۆی ئه‌مڕۆ 29ی نیسانی 2019، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لاری په‌رله‌مان پێشوازیی له‌ بورهان كایه‌، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی توركیا كرد.
له‌ دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، وێڕای به‌خێرهێنانی بورهان كایه‌، بۆ ته‌لاری په‌رله‌مانی كوردستان پوخته‌یه‌ك له‌ رێكاره‌ یاساییه‌كانى په‌رله‌مان و هه‌نگاوه‌كانى پێكهێنانی كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان شیكرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "هێزه‌ سه‌ره‌كییه‌كانی پێكهێنه‌ری كابینه‌ی نۆیه‌م له‌ رێككه‌وتنى كۆتایی نزیكبوونه‌ته‌وه‌ و له‌ ئاینده‌یه‌كی  زۆر نزیكدا كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان پێكدێت".
هه‌ر له‌ دیداره‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له‌ په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و وڵاتی توركیا كردو جه‌ختی له‌سه‌ر پته‌وتركردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌ردوولا له‌سه‌رجه‌م بواره‌كاندا كرده‌وه‌و رایگه‌یاند: "په‌یوه‌ندییه‌كانمان له‌گه‌ڵ توركیا په‌ره‌ پێده‌ده‌ین و وڵاتی توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان  گرنگه‌و به‌بایه‌خه‌وه‌ ده‌ڕوانینه‌ ئه‌و سه‌ردانه‌ى وه‌زیری ده‌ره‌وه‌ی توركیا بۆ هه‌رێمی كوردستان و هیوادارین په‌یوه‌ندییه‌كانمان زیاتر به‌ره‌وپێش بچێت و پردێكی په‌یوه‌ندیی به‌هێزیش له‌نێوان په‌رله‌مانى كوردستان و په‌رله‌مانی توركیا  دروست بكرێت و په‌ره‌ى پێبدرێت بۆ سوودوه‌رگرتن له‌ ئه‌زموونی كارى په‌رله‌مانى و بگاته‌ ئاستی سه‌ردانیكردنی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی هه‌ردوولا بۆلای یه‌كتری" .
هه‌ر له‌دیداره‌كه‌دا هێمن هه‌ورامی، جێگر سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان  بۆ چاره‌سه‌ركردنی دۆزى كورد له‌ وڵاتى توركیا، رایگه‌یاند: "هه‌رێمی كوردستان ده‌خوازێت كێشه‌ی كورد له‌توركیا به‌رێگه‌ی دیالۆگ و ئاشتییانه‌ چاره‌سه‌ر بكرێت و بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ش هه‌رێمی كوردستان ئاماده‌یی ته‌واوى تێدایه‌ بۆ هاوكاریكردن له‌و پرسه‌دا".
لای خۆیه‌وه‌ بورهان كایه‌، ئه‌ندامی په‌رله‌مانی توركیا،خۆشحاڵیی خۆی به‌ سه‌ردانیكردنی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌ربڕی و جه‌ختی له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی وڵاته‌كه‌ی له‌گه‌ڵ هه‌رێمی كوردستان كرده‌وه‌ و هیوای خواست په‌یوه‌ندییه‌كانیان به‌ره‌و پێشتر بچن و رایگه‌یاند: "به‌خۆشحاڵییه‌وه‌ بانگهێشتان ده‌كه‌ین بۆ په‌رله‌مانی توركیا بۆئه‌وه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كی به‌هێز له‌ نێوان په‌رله‌مانی توركیا و په‌رله‌مانی كوردستاندا دروست ببێت".

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>