جێگرى سه‌رۆكی په‌رله‌مان پێشوازی له‌ باڵیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له‌ وڵاتی كرواتیا ده‌كات

30/04/2019 03:06:00 م
ئه‌مڕۆ سێشه‌ممه‌ 30ی نیسانی 2019، هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌ئاماده‌بوونی د.رێبوار بابكه‌یی، سه‌رۆكی لیژنه‌ی په‌یوه‌ندییه‌كان و ره‌وه‌ندی كوردستانی له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، له‌ نوسینگه‌ی تایبه‌تیی خۆی له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، پێشوازیی كرد له‌ پیته‌ر گالبرێس، باڵیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له‌ وڵاتی كرواتیا و دۆستی دێرینی گه‌لی كورد.
له‌ دیدارێكدا هێمن هه‌ورامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، باسی له‌ بارودۆخی سیاسیی ئه‌مڕۆی هه‌رێمی كوردستان و هه‌نگاوه‌ یاساییه‌كانی په‌رله‌مان بۆ پرۆِژه‌پێشنیازى كاراكردنه‌وه‌ى یاسای سه‌رۆكایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و گفتوگۆى نێوان لایه‌نه‌ سیاسییه‌ به‌شداربووه‌كانی پێكهێنه‌ری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستانى كردو رایگه‌یاند: "لایه‌نه‌ سیاسییه‌كانی پێكهێنه‌ری كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێم له‌ رێككه‌وتنی كۆتایی نزیكبوونه‌ته‌وه‌و پێشبینی ده‌كه‌ین له‌م چه‌ند رۆژه‌ی داهاتوودا رێككه‌وتنه‌كان واژۆ بكرێن، په‌رله‌مانی كوردستانیش به‌شێك ده‌بێت له‌چاره‌سه‌رو نابێته‌ دروستكه‌ری كێشه‌ بۆ كۆی گشتیی پرۆسه‌ی سیاسی له‌ هه‌رێمی كوردستاندا.
 
 
 
هه‌ر له‌دیداركه‌دا هێمن هه‌وامی، جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان، جه‌ختی له‌سه‌ر پته‌وكردنی په‌یوه‌ندییه‌كانی نێوان هه‌رێمی كوردستان و ویلایه‌ته‌یه‌كگرتووه‌كانی ئه‌مریكا كرده‌وه‌، به‌تایبه‌تی له‌نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و كۆنگرێسى ئه‌مریكا بۆئه‌وه‌ی لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان سوود له‌ئه‌زموون و كاری ئه‌نجوومه‌نی سیناتی ئه‌مریكا وه‌ربگرن.
لای خۆیه‌وه‌ پیته‌ر گالبرێس، باڵیۆزی پێشووی ئه‌مریكا له‌ وڵاتی كرواتیا و دۆستی دێرینی گه‌لی كورد، خۆشحاڵیی خۆی به‌سه‌ردانی په‌رله‌مانی كوردستان ده‌بڕی و هیوای خواست كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌ زووترین پێك بێت و ئاماده‌یی خۆشی ده‌ربڕی بۆ هه‌موو جۆره‌ هاوكارى و هه‌ماهه‌نگییه‌ك بۆ دروستكردنی په‌یوه‌ندی له‌ نێوان په‌رله‌مانی كوردستان و كۆنگرێسى ئه‌مریكا.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>