لیژنەی پێشمەرگە له‌گه‌ڵ بڕیاردەری لیژنەی بەرگری و ئاسایش له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق كۆبووه‌وه‌

07/05/2019 02:36:00 م
بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەسەر داواکاریی هێزەکانی پێشمەرگەو ناوخۆو ئاسایش، پێشنیوه‌ڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 2019/5/7، لیژنەی پێشمەرگەو ناوخۆو ئاسایش و ئەنجوومەنە خۆجێییەکان له‌ په‌رله‌مانى كوردستان، بەسەرپەرشتیی عه‌بدوڵا حاجی مه‌حمود، سەرۆکی لیژنەو ئامادەبوونی جێگری سەرۆکى لیژنه‌ و بڕیاردەرو ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە، لەهۆڵی لیژنە له‌ ته‌لارى په‌رله‌مان، له‌گه‌ڵ د.ناصر هه‌ركی، بڕیارده‌رى لیژنه‌ى به‌رگری و ئاسایش له‌ ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق کۆبووه‌وە.
لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆیه‌كی چڕ لەبارەی داوکارییەکانی هێزەکانی پێشمەرگەو ناوخۆو ئاسایش کراو بڕیاردەری لیژنەی بەرگری و ئاسایشی ئه‌نجوومه‌نی نوێنه‌رانی عێراق، د.ناصر هەرکی، راو بۆچوونی خۆی لەسەر داواکاری و کێشەو گرفتی هێزەکانی پێشمەرگەو ناوخۆ دەربڕی، لەوانەش هاوتاکردنی مووچەی فەرمانبەرانی شارستانیی وەزارەتی ناوخۆو کردنەوەی خولی ئەفسەری بۆ کارمەندانی سلکی پۆلیس کە دەرچووی کۆلێژن و دۆزینەوەی رێکارێکی یاسایی بۆ ئەو ئاوارانەی هەرێم کە تائێستا رەگەزنامەیان نییەو چەندین پرسی تر. 
هەر لە کۆبوونەوەكەدا هەردوولا جەختیان له‌سه‌ر ئه‌وه‌ کرده‌وه‌ کە پێویستە نوێنەرانی بەغدا لەگەڵ نوێنەرانی پەرلەمانی کوردستان تەواوکەری یەکتر بن و پەیوەندییەکانیان بەهێز بکەن بۆ مسۆگەرکردنی داواکارییەکانی پێشمەرگەو ناوخۆو ئاسایش.
له‌ ته‌وه‌رێكی دیكه‌ی كۆبوونه‌وه‌كه‌دا داواکاریی کەسوکاری قوربانیانی دەستی باندە مەترسیداره‌كه‌ی سلێمانی تاووتوێ كراو هەریەک لە ئەندامان و ڕاوێژکارانی لیژنەکە ڕاو بۆچوونی خۆیان له‌باره‌یوه‌ خستەڕوو.

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>