سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیى مامۆستایانی كوردستان ده‌كات

14/05/2019 04:52:00 م
سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مانی كوردستان، به‌بۆنه‌ی ساڵیادی دامه‌زراندنی یه‌كێتیى مامۆستایانی كوردستانه‌وه‌، په‌یامێكی پیرۆزبایى ئاراسته‌ی مامۆستایانی كوردستان ده‌كات، كه‌ ئه‌مه‌ ده‌قه‌كه‌یه‌تی:
پەیامی سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
بەبۆنەی ساڵیادی دامەزراندنی یەکێتیی مامۆستایانی کوردستان، گەرمترین پیرۆزبایی خۆمان ئاراستەی سەرجەم مامۆستایانی کوردستان دەکەین و هەوڵ و هیوامان بۆ سبەینه‌یه‌کی باشترە بۆ سەرجەم مامۆستایان.
مامۆستایانی کوردستان جیاواز لە هەموو مامۆستایانی دیکەی جیهان، جگە لە ئەرکی پەروەردە و پێگەیاندنی نەوەکان، قورسایی پێگەیاندنی نەوەکانیان بە هزرو بیرە نەتەوەییەکان و قوربانیدانیان بەخۆیان ئەرکێکی دیکەیان بووە، مامۆستان لەسەرجەم شۆڕش و راپەڕینەکان پێشەنگ بوون، لەسەردەمە سەختەکانی دوای راپەڕین بەبێئەوەی بیرلەخۆیان بکەنەوە، بەردەوامییان بە خوێندن و پێگەیاندنی نەوەکان داوە.
لە ساڵانی دواییش لەگەڵ هاتنی هێرشی رێكخراوى تیرۆریستیی ناسراو به‌داعش، مامۆستایان وێڕای هەبوونی قەیرانی دارایی و خراپی گوزەران، بەڵام ئەوان شێلگیرانە بەردەوامبوون لە پێگەیاندنی منداڵان و فێرکردنیان بۆ دوورکەوتنەوەیان لەهزرە توندڕەوەکان.
لێرە بەناوی پەرلەمانی کودستانەوە، بۆ مامۆستا خۆشەویستەکانمان دووپات دەکەینەوە، 
کە هەمیشە پارێزەری مافەکانیان دەبین و هەوڵ بۆ باشترکردنی ژیان و ژیاریان دەدەین و ئەوەی لە دەستمان بێت لەچوارچێوەی کاری پەرلەمانی کوردستان بۆ مامۆستایان درێخی ناکەین.
سەرۆکایەتیی پەرلەمانی کوردستان
2019/5/14

رۆژمێرى رووداوه‌كان

>